Abdullah Shukur
06 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2018
ئورفا - AA
پەرستگایەکی سەردەمی ئاشوورییەکان کە تەمەنەکەی نزیکەی سێ ھەزار ساڵە، لە گەڕەکی باشبوکی شارۆچکەی سیڤەرێکی سەر بە پارێزگای ئورفای تورکیا دۆزرایەوە.
ئەمساڵ بە مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوارە کولتووریی و مۆزەخانەکان، کارەکانی ھەڵکەندن و گەڕان لە ناوچەی باشبوکی شارۆچکەی سیڤەرێک دەستیپێکردبوو.
ماوەیەکی کەم لە دوای کارەکانی گەڕان و ھەڵکەندن، پەرستگایەکی سەردەمی ئاشوورییەکان لەو ناوچەیە دۆزرایەوە کە پێشبینی دەکرێ تەمەنی نزیکەی سێ ھەزار ساڵ بێت.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئورفا، جەلال ئولوداغ بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە شاری ئورفا خاوەنی بەھایەکی مێژووییە و لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو شارە، شوێنەواری مێژوویی دۆزراونەتەوە.
ئولوداغ راشیگەیاند کە ئەمساڵ بە مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوارە کولتووریی و مۆزەخانەکان کارەکانی گەڕان و ھەڵکەندن لە ناوچەکانی ساباتی ئورفا، گۆبلیکتەپەو چەند گەڕەکێکی دیکە دەستیپێکردووە، راشیگەیاند کە دەیانەوێت شوێنەواری مێژوویی ئەو شارە بدۆزنەوە و بەمەش کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکەدا بەرەوپێش ببەن.
جەلال ئولوداغ ئاشکراشی کرد کە پێشبینی ئەوە دەکەن ئەو پەرستگایەی دۆزیویانەتەوە، بگەڕێتەوە بۆ باوەڕی ئاگرپەرستی. گوتیشی: "لە ئەنجامی کارەکانمان دەرکەوتووە کە ئەم پەرستگایە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان کە دەکاتە نزیکەی سێ ھەزار ساڵ پێش ئێستا. لە دیوارەکانی ئەو پەرستگایە، خوداکانی مانگ و رۆژ و ئەستێرە نەخشێنراون. ئەمەش یەکەمین نموونەیە لە تورکیا و بۆ مێژووی شوێنەوارناسیش زۆر گرنگە".