Halife Yalçınkaya
29 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2020
سیواس - AA
سێ خوشکی سیانە لە پارێزگای سیواس رۆژهەڵاتی ناوچەی ئانادۆڵو لە تورکیا لە دوای ئەوەی لە تاقیکردنەوەکانی کۆتا قۆناغی ئامادەیی ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ نمرەی بەرزیان ھێنا، توانیانە کۆلێژی پزیشکی بەدەستبھێنن.
لە دوای ئەم سەرکەوتنە گەورەیە، پارێزگاری سیواس، ساڵح ئایھان خەڵاتی ئەو سێ خوشکە سیانەیەی کرد.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە پارێزگای سیواس بڵاوکراوەتەوە، ئەو سێ خوشکە سیانەیە بە ناوەکانی سەنا کۆکسال، بەیزانور کۆکسال و فەیزا کۆکسال بە درێژای ژیانی پەروەردەییان لە ھەمان پۆل خوێندوویانە و ئێستاش ھەر سێکیان توانیویانە کۆلێژی پزیشکی بەدەستبھێنن.
ھەریەک لە بەیزانور کۆکسال لە کۆلێژی پزیشکی ھاجەتەپە و سەنا کۆکسال لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی غازی و فەیزا کۆکساڵ-یش لە کۆلێژی پزیشکی کرککالە ناویان گەڕاوەتەوە.
ئەو سێ خوشکە سیانەیە کە توانیویانە لە شارە جیاوازەکانی تورکیا کۆلێژی پزیشکی بەدەستبھێنن، لەلایەن پارێزگای سیواس، ساڵح ئایھان پێشوازییان لێکرا.
ساڵح ئایھان پیرۆزبایی لە ھەر سێ خۆشکەکە کرد و لە بەرامبەر ئەم سەرکەوتنەیان خەڵاتێکی زێرینی پێ بەخشین.
یەکێک لە سێ خوشکە سیانەکە بە ناوی سەنا کۆکسال بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە ئەو زۆر دڵخۆشە بەوەی کە کۆلێژی پزیشکی بەدەستھێناوە، سەنا کۆکسال کە ناوی لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی غازی گەڕاوەتەوە گوتی: "قۆناغی خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەکان زۆر بە سەختی تێپەڕی. ئێمە ھەر سێکمان پێکەوە خۆمان ئامادەکرد. پێکەوە زۆرمان خوێند، زۆر دڵخۆشین بەوەی کە هەرسێکمان سەرکەوتنمان بەدەستھێناوە".
هاوکات بەیزانور کۆکسال کە ئەویش ناوی لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی ھاجەتەپە گەڕاوەتەوە رایگەیاند کە تاکو ئەم ساتە ھەمیشە لەگەڵ خۆشکەکانی پێکەوە بوون و ئیتر لەمەودا دەبێ جیابنەوە. گوتیشی: "ئەمە دەبێتە ئەزموونێکی جیاواز بۆ ئێمە".
لە کۆتاییدا، ئۆکتای کۆکسالی باوکی ئەم سیانەیە لەبارەی ئەم سەرکەوتنە گەورەیە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو شانازی بە کچەکانی دەکات و وەک ھەر دایک و باوکێک خۆشحاڵە بە بینینی سەرکەوتنی رۆڵەکانی خۆی.