Heman Hussein Yaseen
23 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2023
هەولێر - AA
تورکیا بە دەستپێکردنی پڕۆژەی نەفەس، بە چەند هەنگاوێک لە ڕێگای چاندنی نەمامەوە، شاری هەولێر سەوز دەکات و لە قۆناغی یەکەمیشدا بڕی ١٢ هەزار نەمام لە بەرزاییەکانی کەسنەزان لە ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەچێنێت و بڕیارە بە چەند هەنگاوێک بە گشتی بڕی ٤٧ هەزار نەمام لە هەرێم بچێنرێت.
هەڵەمەتەکە بە ئامادەبوونی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری پێشووی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری تورکیا مەھدی ئەکەر، پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێم عەبدولڕەحمان سدیق، کۆنسوڵی تورکیا لە ھەرێم مەولود یاقوت و، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم بۆ پرسی گۆڕانکارییەکانی ئاو و ھەوا بەیان سامی عەبدولڕەحمان، دەستی پێکرد.

لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانییدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمى كوردستان-عێراق، بێگەرد تاڵەبانی سوپاسی وەزیری پێشووی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری تورکیا مەهدی ئەکەر و کونسوڵخانەی تورکیای لە ھەولێر کرد لەبەرامبەر ھەوڵەکانییان بۆ گرنگیدان بەو پڕۆژەیەی کە ئەمڕۆ لە هەولێر دەست پێکرا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "ئەم پڕۆژەیە بەرهەمی هەماهەنگی و کارکردنی بەیەکەوەیە لەگەڵ کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر، بە خۆشحاڵییەوە کۆنسوڵی تورکیا لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە هەرێم لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ پەیوەندییەکی زۆر باشی هەبووە و لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگ بەتایبەت لە بواری پەرەپێدانی کەرتی كشتوکاڵ قسەمان کردووە، یەکێک لەو بابەتانە بریتیی بوو لە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی وەک ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ئاو و هەوا، چونکە هەموو وڵاتان لە هەمبەر دانانی پلانی ستراتیژی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکە، دەیانەوێت هەماهەنگی یەکتر بکەن".
بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی: "وڵاتی تورکیا ساڵانە ڕۆژێکیان هەیە بەناوی (نەفەس) کە لەم ڕۆژەدا دەست دەکەن بە چاندنی نەمام و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە وڵاتەکەی خۆیاندا، بە سوپاسەوە ئەمساڵ کۆنسوڵی تورکیا لە هەولێر، مەولود یاقوت، بە ئامادەبوونی وەزیری پێشووی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری تورکیا، مەهدی ئەکەر کە ڕۆڵی هەبووە لە فراوانبوونی ڕووبەری سەوزایی لە وڵاتەکەیان و ئەمڕۆ ئەم بۆنەیان لەگەڵ ئێمەدا بەشکردووە بە بەخشینی ڕێژەیەکی زۆر لە نەمام و چاندنیان لە هەرێم".

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری پێشووی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری تورکیا، مەهدی ئەکەر گوتی: "ھەسارەی زەوی رۆژ بە رۆژ گەرمتر دەبێت و ئاو و هەواش گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، ئەمەش مەترسییەکی جیددییە لەسەر ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەم ھەسارەیە، ئەمڕۆ بە دەست تەکنەلۆژیاوە، ئاو و خاک یان گەرم بووە یان خراپ بووە، ئەم پرسە پێویستی بە چارەسەر هەیە، ئەم چارەسەرەش بەر لە هەموو شتێک هۆشیارکردنەوەیە کە پێویستە خاک و ئاو هەوا بە پاک و خاوێنی ڕابگرین، هاوکات دارستانیش هۆکارێکە بۆ پاککردنەوەی ئاو و هەوا".
مەهدی ئەکەر گوتیشی: "لەم ڕێورەسمەدا، ١٢ هەزار نەمام دەچێنین و هیوادارین لە داهاتوودا ئەم شوێنە ببێتە دارستانێكی چڕ، دراوسێیەتی ئێمە لە کۆنەوە هەبووە و بووەتە هۆکارێک کە ئەو هەماهەنگی و هاوکارییە هەبێت".
دواتر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو، خۆشحاڵی خۆی بە راگەیاندنی پڕۆژەی "نەفەس" دەربڕی و جەختی کردەوە، گۆڕانکارییەکانی ئاو و هەوا مەترسیی لەسەر ھەرێم و، ھەموو وڵاتانی ناوچەکە ھەیە، بۆیە پێویستە ھەموو لایەک پێکەوە کاربکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئەم گۆڕانکارییە".
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "بابەتی گۆڕانکاری ئاو و هەوا لەلای هەموو حکوومەتەکان و دامەزراوەکانی دیکەی وڵاتان یەکێکە لە پرسە گرنگەکان، لە هەرێمیش پلانی ستراتیژی دانراوە، هەروەها لێکەوتەکانی گۆڕانکاری ئاو و هەوا لە ناوچەکەی ئێمە بە ڕوونی دیارە کە چەند ساڵێکی وشکەساڵیمان بەڕێکرد و زستانەکەش ئەوەندە بەهێزبوو کە بووە هۆی لافاو، بۆیە ئەم هەماهەنگییەی ئێمە لەگەڵ تورکیا کارێکی گرنگە، لەم پڕۆژەیەشدا لە قۆناغی یەکەم بە ٤٧ هەزار نەمام هاوکاری هەرێم دەبن و سەرەتاش ١٢ هەزار نەمام لە هەولێر دەچێنن".
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، کۆنسوڵی تورکیا لە هەولێر مەولود یاقوت گوتی: "وەک دەزانین دارستانەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ئاو و هەوا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی ٢٠١٩ تورکیا ڕۆژێکی دیارییکردووە وەک ڕۆژی سەوزکردن، هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا دەست بە نەمام چاندن دەکرێت، لەم چوارچێوەیەشدا تا ئەمرۆ زیاتر لە ٢٧ ملیۆن نەمام چێندراوە، دوای ساڵی ٢٠٢٠ ئەم ڕێوڕەسمە شێوازێکی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە دەبینێت، ئێمەش لەم چوارچێوەیەدا ویستمان پڕۆژەکە فراوان بکەین و بیگەیەنینە شوێنی کاری خۆمان لە هەولێر".
مەولود یاقوت گوتیشی: "ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری تورکیا، توانیمان لە هەنگاوی یەکەمدا ١٢ هەزار نەمام بگەیەنین و ئەم پڕۆژەیە بەردەوامی دەبێت لە ماوەکانی داهاتوودا، ئەم نەمامانە ئەو جۆرەن لەگەڵ خاک و هەوای ئێرەدا دەگونجێن کە لە جۆری سنەوبەرە، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە ئەوەیە کە هەولێر سەوزتر بکەین لە چوارچێوەی تواناکانی خۆمان، لەگەڵ هەرێم لە زۆر بواردا ئامانج و پەیوەندییەکانمان فراوانە، پەیوەندییە ژینگەییەکەشمان هاوبەش کردووە".
دواتر لە هەڵمەتێکدا دەستیان کرد بە چاندنی ژمارەیەک لەو نەمانانەی کە گەیشتبووە هەولێر و بڕیاریشە هەڵمەتەکە لەلایەن تیمەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەردەوام بێت بۆ چاندنی تەواوی ئەو نەمامانەی کە لە تورکیاوە هێنراوەتە هەولێر.
پڕۆژەکە لە چوارچێوەی گرنگیدان بە سەوزکردنی ژینگە و ڕووبەڕووبونەوەی گۆڕانی ئاو و هەوایە، سەرجەم نەمامەکان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری تورکیا و کۆنسوڵی گشتی تورکیا، بۆ ھەماھەنگی و پاڵپشتیی سێکتەری کشتوکاڵیی و ژینگەیی ھەرێم دابینکراوە.