Mücahit Türetken
03 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2022
ئیستانبوڵ - AA
لە میانی کێبڕکێی جوانترین رەشەوڵاغی قوربانیی کە لەلایەن شارەوانی سوڵتانغازیەوە رێکخرا، جوانەگایەک بە ناوی ''بابا یغیت'' کە کێشی یەک تۆن و ٣٠ کیلۆگرام بوو لە پارێزگای تۆکاتەوە برابووە گۆڕەپانەکە، پلەی یەکەمی بە دەستهێنا.
نزیکەی ٢٠ جوانەگا کە لە بازاڕی ئاژەڵفرۆشانی قەزاکەوە بەشدارییان لە کێبڕکێکە پێ کرا، لەلایەن خاوەنەکانیانەوە رازێندرانەوە.
ئەندامانی لیژنەی داوەری ئەو کێبڕکێیەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە گرنگیی زۆری پێ درا، بەپێی پێوەرەکانی وەک کێش، وریایی، تەندروستیی، نیشاندانی تایبەتمەندی رەگەزی، دەرکەوتنی تەمەن و پاکوخاوێنی هەڵسەنگاندنیان بۆ جوانەگاکان کرد.
لە ئەنجامی کێبڕکێکەدا جوانەگایەک بە ناوی ''بابا یغیت'' کە کێشی یەک تۆن و ٣٠ کیلۆگرام بوو خاوەنەکەی ئادەم ئاغ-ە و لە پارێزگای تۆکاتەوە هێنرابوو بۆ گۆڕەپانەکە، پلەی یەکەمی بە دەستهێنا، یارەن ئاغاسی کە کێشی یەک تۆن و ٢٥ کیلۆگرام بوو لە چانکریەوە هێنرابوو پلەی دووەم و کالپلی کە کێشی ٩١٠ کیلۆگرام بوو و لە ئیلگازەوە هێنرابوو پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
سەرۆکی شارەوانی سوڵتانغازی، عەبدولڕەحمان دورسون لە گوتارێکیدا کە لە کێبڕکێکەدا پێشکەشی کرد، باسی لەوە کرد کە ساڵانە بازاڕی قوربانیی قەزاکەیان هەم لە رووی فرۆشیاران و هەمیش لە رووی کڕیارانەوە پێشدەخەن.
دورسون ئاماژەی بەوەیش کرد کە لە بازاڕەکە ئەو ئاژەڵی قوربانیانە دەفرۆشرێت کە لە شارە جیاوازەکانی تورکیاوە دەهێنرێن و، گوتی: ''ئێرە بازاڕێکی گرنگە کە پێداویستی قوربانیی سوڵتانغازی و ئیستانبوڵیش دابین دەکات. سوڵتانغازی هەمیشە بووەتە بازاڕێکی بە بەرەکەت. پشتیوان بە خوا هەموو ئاژەڵەکان دەفرۆشرێن و خاوەنەکانیان بە دەستی پڕەوە دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان''.