ئهنقهره
بە پێی توێژینەوەیەكی زانستی لە فینلەندا، ئەو كەسانەی كە لە تەمەنێكی بچووكدا دەبنە باوك بەهۆی كێشەی جۆراوجۆرەوە مەترسی مردنیان زیاترە.
زیاتر لە 30 هەزار پیاو بەشدارییان كرد لە توێژینەوەیەكی زانستی زانكۆی هێڵسنكی لە فینلەندا. ئەنجامەكانی ئەو توێژینەوەیە دەریدەخات لەماوەی 20 ساڵدا، ئەو پیاوانەی لەتەمەنی 22 بۆ 24 ساڵیدا دەبنە باوك بە رێژەی سەدا 14 مەترسی گیان لەدەستدانیان زیاترە.
توێژینەوەكە دەریشیدەخات ئەو پیاوانەی لە تەمەنی 30 بۆ 44 ساڵیدا دەبنە باوك مەترسی گیانلەدەستدانیان لە تەمەنی ناوەنددا بەڕێژەی سەدا 25 كەمترە.
ئەوانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە لە تەمەنی ناوەنددا گیانلەدەست بدەن ئەو پیاوانەن كە لە تەمەنی 22 ساڵیدا دەبنە باوك و بەڕێژەی سەدا 26 لەوانەی دیكە زیاترە.
جێی ئاماژەیە لەماوەی ئەنجامدانی توێژینەوەكەدا یەك لەسەر بیستی بەشداربووان گیانیان لەدەستداوە. بەڕێژەی سەدا 21 هۆكاری گیانلەدەستدانیان نەخۆشیەكانی دڵ و بەڕێژەی سەدا 16ش هۆكاری زۆر بەكارهێنانی خواردنەوەی كهولی بووە.
زانایان جەخت لەوە دەكەنەوە هۆكاری هەڵكشانی گیانلەدەستدانی پیاوان لەتەمەنی گەنجی و ناوەنددا ئەو كێشە تەندروستییانەن كە بەهۆی فشارە دەروونییەكانەوە لە سەختی ئەركی باوكایەتیدا پیاو تووشیان دەبێت، كاتێك بە گەنجی و لەتەمەنێكی كەمدا دەبێتە باوك.
دكتۆر ئێلینا ئێنینۆ كە یەكێكە لە توێژەرانی توێژینەوەكە جەخت لەوە دەكاتەوە باوكانی گەنج دەبێت كاتێك بەهۆی جێبەجێكردنی داواكاری خێزانەكەیانەوە دەكەونە ژێر فشاری دەروونی و ئابووری، ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن.
ئەنجامی ئەو توێژینەوەیە لە گۆڤاری "Journal of Epidemiology and Community Health" بڵاو كراوەتەوە.