ئەنقەرە
جێگری سەرۆکی گشتی جەھەپە گورسەل تەکین، گوتی: "دیموکراسی نیوە ناچڵ نابێ، پێویستە ھەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کۆشش بکەن بۆ وەلانانی دەستووری نادیموکراتی ١٢ی ئەیلول (کودەتای سەربازیی لە١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠)."
لە وەڵامی ئەوەی ئایا جەھەپە ئامادەیە سەردانی ئەمریکا بکات؟ گورسەل تەکین گوتی: "ئەگەر جەھەپە بە پێویستی بزانێ لە کاتی گونجاودا سەردانی ئەمریکا دەکا."
تەکین ھەڵوێستی پارتەکەی لە بارەی کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی تورکیا بۆ پەسەند کردنی ٦٠ مادەی دەستووری نوێی تورکیا رایگەیاند: دیموکراسی بە نیوە ناچڵی نابێ، جەھەپە بۆ دیموکراسییەکی بێ کەموکوڕی پابەندی ئەو بەڵێنانەیە کە بە خەڵکی داون. بەداخەوە بە ھۆی گرنگیدانی پارتە سیاسییەکان بە دەنگ پرسی دیموکراسی وەلاوە نراوە، ئەو پرۆسەیە لە ساڵی ١٩٨٣ تا ئەمڕۆ لە تورکیا ھەیە.
تەکین گوتی: "کۆچکردوو تورگوت ئۆزاڵ گوتبووی دەمانەوێ دەستووری ١٢ی ئەیلووڵ بگۆڕین، بەداخەوە تەمەنی ئێمە بەسەر چوو بەڵام ئەو دەستوورە ھێشتا نەگۆڕاوە، ھۆی نەگۆڕینی ئەو دەستوورەیش بۆ گرنگی دانی پارتە سیاسییەکانە بە دەنگ و ریّژەی دەنگەکان. ئەگەر ئەو گرنگییە بە دەنگ دەدرێ بە دیموکراسی درابا نەک ٦٠ مادە بەڵکو دەبوو دەستوورێکی نوێ ئامادە بکرایە. ئێمە وەکو جەھەپە دەڵێین دیموکراسی بە نیوە ناچڵی نابێ، پێویستە ھەمووی پارتە سیاسییەکان ھەوڵ بدەن بۆ وەلانانی دەستووری نادیموکراتی ١٢ی ئەیلول."
لە بارەی پەرلەمانتارە گیراوەکان جێگری سەرۆکی جەھەپە رایگەیاند: "تا ئێستە سەرۆکایەتی جەھەپە ھیچ بڕیارێکی لەو بارەوە نەداوە، ئەو عەیبێکی گەورەیە و دەبێ تورکیا خۆی لەو عەیبەیە رزگار بکات."