ئەنقەرە
وەزیری پەروەردەی تورکیا نابی ئاوجی پێشتر رایگەیاند: پرۆژەی گۆڕینی ناوی زانکۆی نەوشەھێر بۆ نەوشەھیر حاجی بەکتاشی وەلی و ناوی ناوچەی ئایدنلاری سێرت بۆ تللۆ لە بەردەست لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی تورکیادایە و ئەو کۆمیتەیە دەستی بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرۆژەیە کردووە.
وەزیری پەروەردە گوتی "زانکۆی نەوشەھێر ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە و ئێمە پشتگیری لە پرۆژەی گۆڕینی ناوەکان دەکەین و پێشنیاری ئەوەمان کردووە کە ناوی ئەو زانکۆیە بکرێتە زانکۆی نەوشەھیر حاجی بەکتاشی وەلی. چونکە حاجی وەلی یەکێکە لە چوار کەسایەتییە ناودارەکانی ئانادۆڵ."
نابی ئاوجی گوتی" ئێمە پشتگیری لە گۆڕینی ناوی ناوچەی ئایدنلاری سێرت بۆ تللۆ دەکەین، ناوی ئایدنلار لە نێو دانیشتوانی ناوچەکەدا ناوێکە کە بەگەرمی پێشوازی لێ نەکراوە، چونکە لە سەرانسەری تورکیا ئەو ناوچەیە ھەر بە تللۆ ناسراوە، بۆیە گۆڕینەوەی ئەو ناوانە گەڕاندنەوەی مافێکی پێشێلکراوە و ئێمە پشتگیری دەکەین.
نابی ئاوجی رایگەیاند: ئۆپۆزسیونی تورکیا پشتگیری لە پرۆژەکە کردووە، بەڵام بە گۆڕینی ناوی ناوچەی ئایدنلار بۆ تللۆ ئۆپۆزسیون ناڕازییە و دەیەوێ ناوی ناوچەکە ھەر ئایدینلار بێ و پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیون داوا دەکەن پرۆژەی گۆڕینی ناوی ناوچەکان لەلایەن کۆمسیۆنی کاروباری ناخۆییەوە نەخرێتە بەر گفتوگۆ.
پەرلەمانتاری ئایدینی جەھەپە مەتین بایدار رایگەیاند: گۆڕینی ناوی زانکۆی نەوشەھێر بۆ نەوشەھیر حاجی بەکتاشی وەلی ھەنگاوێکی باشە و دەتوانرێ لە چوارچێوەی ئەو زانکۆیەدا پەیمانگەیەک بەو ناوە دابمەزرێ و دەست بە نووسینەوەی کلتووری عەلەوی بەکتاشی بکات.
پەرلەمانتاری ئیستەنبۆڵی جەھەپە نور سەرتەر رایگەیاند: گفتوگۆ کردن لە سەر پرۆژەی گۆڕینی ناوەکان دەبێتە ھۆکاری دەستپێکردنی قۆناغێکی مەترسیدار لە تورکیا، بۆیە ئەگەر بێتۆ بە بیانووی ئەوەی کە خەڵک وای دەوێ و ئەو ناوانە لەلایەن خەڵکەوە ناسراون، ناوەکان بگۆڕین ئەوا لە داھاتوویشدا ناوی دیاربەکر دەگۆڕێت بۆ ئامەد و ناوی ئاگری دەگۆڕدرێ بۆ ئارارات و داوا دەکرێ کە ناوی ئیستەنبۆڵیش بۆ کۆنستانتینوپۆلیس بگۆڕدرێ.
پەرلەمانتاری سامسونی ئاک پارتی توڵای باکیر رایگەیاند: گۆڕینی ناوی ناوچەی ئایدنلار بۆ تیلۆ بە مانای ئەوە نییە کە رێگا بۆ گۆڕینی ناوی ناوچە و شارەکانی دیکە خۆش دەکات.
پەرلەمانتاری مەھەپەی شاری باڵیکەسیر ئەحمەد دورانیش پشتگیری لە گۆڕینی ناوی زانکۆی نەوشەھیری کرد و رایگەیاند: گۆڕینی ئەو ناوە ھەنگاوێکی باشە بەڵام لە داھاتوودا زەرەر دەداتە ناسنامەی نەتەوەیی.
پەرلەمانتاری ئاک پارتی ئاماسیا ناجی بۆستانجی رایگەیاند: پێویستە ھەر کەس ملکەچی داواکارییە دیموکراتیکەکانی خەڵک بێ و گوتی" جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک ئەرکی حکومەت و ئۆپۆزسیونە".
نابی ئاوجی لە وەڵامی رەخنەکانی ئۆپۆزسیوندا رایگەیاند: بۆ تاوتوێکردنی کێشە و گرفتی مامۆستاکان لە داھاتوودا کۆبوونەوەی جیاجیا ساز دەکرێ و یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی مامۆستایانی تورکیا پرسی سەرپۆش و باڵاپۆشە و نابێ ئەو پرسە بکرێتە بابەتی پرۆپاگەندەی سیاسی.
ئاوجی گوتی "دوای پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیە رەنگە ئەوانەی کە ھێشتا لە سەر عەقڵیەتی پێشوون ھەوڵ بۆ نانەوەی ئاژاوە بدەن، بۆیە پێویستە ھەر کەس ھۆشیار بێ و پرسی باڵاپۆش و سەرپۆشی مامۆستاکان نەکرێتە بابەتی پرۆپاگەندەی سیاسی چونکە تورکیا ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە کە لە سەر ئەو جۆرە بابەتانە گفتوگۆ بکات."