ئەنقەرە
پەرلەمانتاری بەدەپەی شاری شڕناخ ( حەسیب قاپڵان) رایگەیاند: کاتێک لە پرسگەی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیر سەبارەت بە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیا قسەمان کرد، بۆمان دەرکەوت کە ئەو پاکێجە چوارچێوەیەکی گشتییە، رێگەخۆشکەرە، کۆمیتەی تایبەتی ھەیە و دواتر رادەستی پەرلەمان دەکرێت.
حەسیب قاپڵان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند: بێگۆمان ھەڵوەشاندنەوەی قەدەغەی سەر پیتەکانی ئەلف و بێی کوردی گەڕاندنەوەی مافێکە و بڕیارێکی دڵخۆشکەرە، قورس کردنی سزای ئەنجامدانی تاوانی رەق و کین و دووبەرەکێ، ھەنگاوێکی گرنگە، گەڕاندنەوەی زەوییەکانی وەقفی مۆرگابریەل زۆر باشە، دەبوایە ئەم ھەنگاوانە پێشتر جێبەجێ کرابانا، لەم بوارانەدا پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن زۆر ئیجابی و گرنگە.
سەبارەت بە سیستەمی ھاوسەرۆکی بۆ پارتە سیاسییەکان حەسیب قاپڵان گوتی" ئێمە وەکو بەدەپە لەمێژە دەستمان بە جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە کردووە و ئێمە پاکێجێکمان ئامادە کردبوو و داوا لە حکومەت دەکەین لەم قۆناغەدا رەچاوی ئەو پاکێجەی ئێمە بکات و لە پەرلەمان بە شێوەیەکی دیموکراتیک وەک ئۆپۆزسیۆن رۆلی خۆمان دەگێڕین.
قاپڵان باسی ھەڵوەشاندنەوەی قەدەغەی سەرپۆش، گەڕاندنەوەی زەوییەکانی مۆرگابریەل، کردنەوەی ئەنیستیتۆی رۆمانەکان، گەڕاندنەوەی ناوی کوردی گوندەکان کرد و گوتی" ئەم ھەنگاوانە ھەنگاوی زۆر گرینگن، بەڵام ناتوانن رۆڵی چارەسەری یەکجارەکی ببینن.
قاپڵان ھەروەھا رایگەیاند:لە پاکێجی دیکوکرتیزاسیۆندا باسی سیستەمی ھەڵبژاردن کراوە، بەڵام ئێمە وەکو بەدەپە رەخنەمان لەو سیستەمە ھەیە و گوتی" ئێمە نوێنەری خەڵکین و دەمانەوێ ئاستەنگییەکانی بەردەم ئیرادەی خەڵک ھەڵبوەشێندرێنەوە، سیستەمی ھەڵبژاردن سیستەمی نوێنەرایەتی سیاسییە و پێویستی بە سیستەمێکی یەکسان و دادوەرانەیە.
قاپڵان رایگەیاند: لە تورکیا ٥٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لە لایەکەوە رێژەی بەربەست دادەبەزێنرێت و لە لایەکی دیکەوە ھەوڵ بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ناوچەی بەرتەسککراو دەدرێت، یا دەیانەوێ بە یەکجاری رێژەی بەربەست ھەڵبوەشێننەوە و تورکیا دابەشی سەر چەند بازنەیەکی ھەڵبژاردن بکەن، ئەو سیستەمە دەبێتە ھۆکاری گەڕاندنەوەی تورکیا بۆ سیستەمی دوو حیزبی کە ئەمەش زۆر مەترسیدارە.
حەسیب قاپڵان گوتی" لە چاوپێکەوتنەکەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیر، پێی راگەیاندین کە ئەم پاکێجە یەکەم و دواییەمین پاکێج نییە، دەرگا کراوەیە و ئەگەری گۆڕانکاری لە ئارادایە. کاتێک سەیری ئەم گوتانەی ئەردۆغان بکەین ئەو کات بۆمان دەردەکەوێت کە ئێمەی ئۆپۆزسیۆنیش دەبێ رۆلی خۆمان بگێڕین و دەبێ حکومەت ئۆپۆزسیۆن ناچار بکات تا لە چوارچێوەیەکی راستدا رۆڵی خۆی ببینێت و ھەوڵەکانی ئێمەیش ھەر لەو چوارچێوەیەدان.