ئەنقەرە
دوای ڕاگەیاندنی پاکێچی دیموکراتیزاسیۆن لە تورکیا، ھەر کەسێک دەتوانیت بە داواکاریێک داوای گۆڕینی ناوی گوند، شارۆچکە و شاری خۆیان بکەن. ھەروەھا دانیشتوانی ھەندێک ناوچەکانی وەک بیلەجیک، گورۆیماک و تیللۆ دەیانەوێ ناوی ناوچەکانیان بگوڕن، بەڵام دانیشتوانی ریزە، گونەیس و ئەڤرەن و دوزئیچی نایانەوێ ناوی دەڤەرکەیان بگۆڕن ئەو ناوەی کە ھەیە قەبوڵیانە.
سەلیم یاخچی سەرۆکی شارەوان بیلەجیک باسی گۆڕینی ناوی بیلەجیکی کرد و و گوتی " ناوی شاری بیلەجیک لە ساڵی ١٩٢٦ لە ئەرتوگرول بۆ بیلەجیک گوڕاوە. شوێنی شارەکەمان زۆر دێرین و کۆنە و بەر لەوەی ناوی ئەرتوگرولی بۆ بگەڕێنینەوە، دەمانەوێ لەمبارەیەوە ریفراندۆمێک لەناو خەڵکدا ئەنجام بدەین ئەمەش پشتگیریکردنی پرۆسەی دیموکراتیزاسیۆنە .
بۆ یەکەم جار ناوی شارۆچکەی بازید لە ساڵی ١٩٢٦ بووە کاراکۆسە و دوتر لە ساڵی ١٩٣٨ دا بوو بە ئاخری و ئەمەۆش ناوی ئەم شارۆچکەیە دۆخوبەیازیدە. شارێکی دیکە کە زۆر جار ناوی گۆڕدراوە ، شاری بورسایە لە کاتی ئیمپاراتۆری ئۆسمانیدا ناوی ھوداڤەندیگار بووە، بەڵام دوای دامەزراندی کۆماری تورکیا، لە سالی ١٩٢٤ دا ناوی بۆتە بورسا و تا ئێستاش ئەو ناوە لەسەر ئەو شارە ھەرماوە.
ناوی شارۆچکەی نۆرشینی سەر بە شاری بێدلیس، ئێستا گورۆیماکە؛ بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٩ عەبدوڵا گول کاتی سەردانی شارۆچکەکەی کرد ناوی کوردی نۆرشین بەکارھێنا و محەمەد ئەمین ئۆزکان سەرۆکی شارەوانی گورۆیماک رایگەیاند کە دوای سەردانی سەرکۆمار بۆ شارۆچکەکەمان، داوای لە حکومەت کرد کە ناوی گورۆیماک بۆ نۆرشین بەگۆڕن؛ بەڵام تا ئێستا ھیچ ئەنجامێکی نەبووە.
سەرۆکی شارەوانی راشیگەیاند کە جارێکی تر داوای گۆڕینی ناوی شارۆچکەمان لە حکومەت دەکەین بۆئەوەی ناوی نۆرشینی بۆ بگەرێندرێتەوە.
ناوی شارۆچکەی تیلۆ دوای دامەزراندی کۆماری تورکیا بۆتە ئایدینلار. ئەم شارۆچکەیە سەر بە شاری سێرتە و مەسعود مەمدوھ ئۆخلوی سەرۆکی شارەوانی ئەم شارۆچکەیە رایگەیاند کە زۆر جار داوایان لە پەرلەمانی تورکیا کردوە کە ناوی تیللۆ بۆ شارۆچکەمان بگەڕێندرێتەوە ، بەڵام تا ئێستا ھیچ وڵامێکی داواکاریەکەمان نەبووە.
ھەروەھا لە باکووری تورکیاش ھەندێک لە شارۆچکەکان داوای گۆڕینی ناوی شارۆچکەکەیان دەکەن وەک شارۆچکەی گونەیسوی سەر بە شاری ریزە. ئەحمەد میندەر سەرۆکی شارەوانی گونەیسو بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆلو رایگەیاند ئێمە داوا دەکەین ناوی پۆتامیا لە شارۆچکەکەمان بنرێت.
لە لایەکی دیکەوە، دانیشتوانی شاری ریزە رازی نینن ناوی لازستان بۆ شارۆچکەکەیان بگەڕێتەوە کە پێش دامەزراندنی کۆماری تورکیا ناوی شاری ریزە لازیستان بووە، بەڵام ئێستا بە فەرمی ریزەیە و دانیشتوانەکانی رازی نین ناوی شارۆچکەکەیان بگۆڕدرێت.
لە تورکیا دانیشتوانی سێ شار بە گۆڕینی ناوی شارەکەیان دڵخۆشن ئەوانیش شارەکانی خازی عەنتەب، قەھرەمان ماراش و شانلی ئورفایە کە دوای جەنگی جیھانی یەکەم بەھۆی بەرگری خەلکی ئەم شارانە، حکومەتی تورکیا وەک خەلاتێک ووشەیەکی بۆ ناوی شارەکانیان زیادکردووە بۆ نموونە ناوی شاری ئەنتەپ بوو بە غازی ئەنتەب، ئورفا بوو بە شانلی ئورفا و مەرەش بوو بە قەھرەمان ماراش.