Ramal Mahmood
11 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2016
بەشێک لەو پەنابەرە سووریانەی کە بەهۆی جەنگی ناوخۆیی وڵاتەکەیانەوە روویان لە تورکیا کردووە، لەو خانووە مێژوویانەی شارۆچکەی حەرانی سەربە پارێزگای ئورفادا دەمێننەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ٢٥٠ ساڵ و لەلایەن خاوەنەکانیانەوە بەکار ناهێرێن.
ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی سووری کە روویان لە تورکیا کردووە لەو کەمپانەدا دەمێننەوە کە سەرۆکایەتی باری لەناکاو دروستی کردوون، بەشێکی دیکەیشیان خانوو بە کرێ دەگرن و دەیانەوێت لە خانوودا بژین.
ئەو خانووە مێژوویانەی شارۆچکەی حەران لەلایەن بەشێک لە پەنابەران پاک دەکرێنەوە و لە ناویاندا دەمێننەوە.
پەنابەری سووری، جەمال سولەیمان (تەمەن ٤٦ ساڵ) کە دوو ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ خێزانەکەی هاتوونەتە تورکیا بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەهۆی جەنگەوە روویان لە تورکیا کردووە و لە ماڵ و حاڵی خۆیان بوون و ماوەیەک لە شوێنی جیا جیا ژیاون و دواتر هاتوونەتە حەران و خانوویەکی مێژوویی کە لەلایەن خاوەنەکەیەوە بەکارنەهێنراوە خاوێن کردووەتەوە و تێیدا دەمێنێتەوە.
کافیە سوموری-ش ئەوەی خستە روو کە ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکان و بووک و نەوەکانی لەوێ دەژین و راهاتوون لە ناو ئەو خانووە مێژوویەدا و کرێ خانووەکەیشیان گونجاوە و گوتی: "لە سووریا خانووەکەیان لێ رووخاندین. خزمی نزیکمان کوژران. ناچاربووین پەنا بۆ ئێرە بێنین. ساڵێک زیاترە لەو خانووە دەمێنینەوە. بەرلەوەی ئێمە بێین ئەو خانووە وەک کەلاوەی لێهاتبوو. لبغمان کرد و هاتینە ناوی. چونکە ژمارەی ژوورەکان زۆرن کێشەمان نییە. هاوسەرەکەم پیرە و ناتوانێت کار بکات. بە کارکردنی کوڕەکەم و یارمەتی خێرۆمەندان دەژین. زستانی ساڵی رابردووشمان لێرە بەسەر برد. بەهۆی پێکهاتەی خانووەکە زۆر سەرمامان نەدەبوو".