ھاتای
لە قوتابخانەی منداڵانی شەهیدی جیهان لە پارێزگای ھاتای، خولی فێربوونی قورئان بۆ ژنانی سووری دەكرێتەوە.
لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەری قوتابخانەی منداڵانی شەهیدی جیهان ئەمینە كۆسە بە ئانادۆڵوی راگەیاند "لەگەڵ دەستپێكردنی پشووی قوتابخانەكان، لەسەر داوای ئەو ژنە سووریانەی لەسەر توانای خۆیان خانوویان لە هاتای بەكرێ گرتووە بۆ مانەوە، خولی فێربوونی قورئانمان كردۆتەوە".
كۆسە باسی لەوە كرد كە هەفتانە سێ رۆژ و هەر رۆژێكیش شەش كاتژمێر لە 11 پۆلی قوتابخانەكەدا وانە بە ژنانی سووری دەڵێنەوە، كە لە تەمەنی جیاوازدان.
گوتیشی: "15 ژنی سووری خولەكە دەڵێنەوە. نزیكەی 100 ژنی سووری بەشداریان لە خولەكەدا كردووە. لە سووریا ژنان بەهۆی فشاری رژێمەوە نەیاندەتوانی بەشداری خولەكانی قورئاندا بكەن. لەبەرئەوە ژنان دووچاری كێشە دەبوون لە فێربوونی قورئانی پیرۆز و زانیاری دینیدا. لەو باوەڕەداین لە وڵاتێكدا ئەگەر ژنان باش پەروەردە كران، ئەوا تەواوی مرۆڤایەتی پەروەردە دەكرێن. بە ئیزنی خوا لەمەشدا سەركەوتوو دەبین. خولەكەمان سێ مانگ بەردەوام دەبێت. دەمانەوێت لە مانگەكانی زستانیشدا رۆژانی كۆتایی هەفتە بەردەوام بین لەسەر خولەكە. ژنان زۆر دڵخۆشن بە خولەكە. تەنانەت ئەو ژنانە خوێندەوار نین دەستیان كردووە بە لەبەركردنی قورئانی پیرۆز. لە پاڵ وتنەوەی وانەكانی تەجوید، فیقه و عەقیدەدا زمانی توركیش دەڵێینەوە".
زولەیخا جاموسی تەمەن 75 ساڵ، كە یەكێكە لە بەشداربوانی خولەكە دەڵێت پێش دوو ساڵ و نیو لە شاری حەمای سووریاوە لەگەڵ خێزانەكەیدا لە دەست شەڕ و پێكدادانەكان هەڵاتوون و هاتوون بۆ شاری هاتای توركیا.
جاموسی، باس لەوە دەكات كە لە سووریا زۆر خوازیاری فێربوونی قورئانی پیرۆز بوون، بەڵام بەهۆی فشارەكانی رژێمەوە نەیانتوانیوە و دەشڵێت "لە وڵاتەكەماندا ژنان بێ بەشن لە فێربوونی قورئانی پیرۆز. پێش هەموو شتێك ئێمە موسولمَانین، لەبەرئەوە قورئانی پیرۆز كتێب و دەستووری ئێمەیە، بۆیە فێربوونی مەرجە".