ئەنقەرە
داواکاری گشتی کۆماری تورکیا ئەمڕۆ ھەینی دەستی بە ھەڵسەنگاندنی کەیسی تاوانبارانی کودەتای ١٢ی ئەیلوول کرد و داوای سزای زیندانی ھەتا ھەتایی بۆ تاوانبارانی ئەو کەیسە (کنعان ئەڤەرەن) و (تەحسین شاھینکایا) کرد.
داواکاری گشتی کۆماری تورکیا رایگەیاند: بە پێ یاسای سوپای تورکیا ھیچ کەس بۆی نییە بە مەبەستی ھەڵوەشاندنەوەی حکومەت دەست بە کودەتا بکات، بەڵام تاوانبارانی کەیسی کودەتا ١٢ی ئەیلوول ئەو یاسایەیان پێشێلکردووە.
ھەر ئەمڕۆ ھەینی دادگای سزای گرانی ژمارە ١٢ی ئەنقەرە دەستی بە ھەڵسەنگاندنی بەرگرینامەی (سەلجوق کۆجامان)ی کرد و ناوەڕۆکی رووداوە گرنگەکانی سەردەمی ١٢ی ئەیلوولی خستە روو.
بە پێی ناوەڕۆکی ئەو رووداوانە، پێش کودەتای ١٢ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٠ پێکھاتە شاراوەکانی نێو حکومەت ویستوویانە لە رێگای کریار و کردەوەی تیرۆریستی و بەرپاکردنی شەڕی ناوخۆ کۆمەڵگە رووبەرووی قەیران بکەنەوە تا بەو جۆرە زەمینە بۆ سازدانی کودەتا و ھەڵوەشاندنەوەی حکومەت خۆش بکرێ. پێکھاتە شاراوەکانی نێو حکومەتی ئەو کاتە نەیانھێشتووە سوپا و ھێزە ئەمنییەکان بە باشی ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و بگرە بۆ ئەنجامدانی چەندین کردەوەی جیاجیا ھێزەکانی سوپاش بەکارھێنراون. پێکھاتە نایاساییەکانی نێو دەوڵەت دەیانزانی کە ئەگەر بارودۆخەکە ئاڵۆزنەکەن و کۆمەڵگە و دەوڵەت رووبەرووی کێشە و گرفت نەکەنەوە، ناتوانن بەرنامە و پیلانەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. تاوانبارانی کودەتا ساڵێک پێش سازدانی کودەتا بڕیاری ئەنجامدانی کودەتایان دابوو.
دەسەڵاتی سەربازی ١٢ی ئەیلوول پرۆپاگەندەی ئەوەیان دەکرد ئەو چەپگەر و راستگەرانەی زیندانی کراون لە ژێر کاریگەری گرووپە توندرەوەکاندا بوونە بۆیە لەناو گرتووخانەکاندا ئەشکەنجەیان داون و بەو جۆرە ویستوویانە کۆمەڵگە بکەنە کۆمەڵگەیەکی یەک چینی.
تاوانبارانی کەیسی کودەتا لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگادا ئاماژەیان بەوە داوە کە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە لە لایەن یاسای سوپای تورکیاوە پێیان دراوە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و وڵات دەستیان بە سازدانی کودەتا کردووە، بەڵام داواکاری گشتی کۆمار دەڵێ یاسای سوپای تورکیا بە تایبەتی مادەی ٣٥ی ئەو یاسایە کە تاوانبارانی کەیسی کودەتا وەکو پاساو بۆ کودەتا سوودیان لێوەرگرتووە، ھیچ جۆرە دەسەڵاتێکی بە کەس نەداوە کە کودەتا بکات.
لە بەشێکی دیکەی ناوەڕۆکی ئەو بەڵگانەی کە لە لایەن دادوەری گشتی کۆمارییەوە ئامادە کراون، نووسراوە، ئەنجامدانی تاوانەکان دوای کودەتای ١٢ی ئەیلوول بەردەوام بووە و تاوانبارانی کەیسی کودەتا زەرەر و زیانێکی یەکجار گەورەیان بە کۆمەڵگەی تورکیا گەیاندووە و تا دەستبەکاربوونی پەرلەمانی نوێی تورکیا، کودەتاگەران لە پێشێلکردنی دەستووری بنەڕەتی تورکیا بەردەوام بوونە ، بۆیە مێژووی نێوان ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ تا شەشی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٣ کە ھاوکاتە لەگەڵ دەستبەکارکردنی پەرلەمانی تورکیا، بە مێژووی ئەنجامدانی تاوان وەسف کراوە.