ئەنقەرە
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی هاوبەشی هەر دوو كەناڵی تەلەفزیۆنی كەنال 7 و ئولكە تیڤی باسی چەندین پرسی گرنگ و رۆژەڤی سیاسی توركیا و ناوچەكەی كرد.
لە بارەی قۆناغی چارەسەرییەوە داودئۆغڵو گوتی: راست نییە كە ئەگەر قۆناغی چارەسەری بە ئاستی توانایی و كارایی هەدەپە ببەستینەوە چونكە ئەو پڕِۆسەیە پڕۆسەی هەڵبژاردنێك نییە و پڕۆسەیەك نییە كە لە ئیرادەی پارتییەكی سیاسیدا بێت، نە تەنیا هەدەپە و ئاك پارتی بەڵكو خەڵك بەگشتی خاوەنداریەتی لەو پڕۆسەیە دەكات.
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا لە بارەی پلانەكانی هەدەپە بۆ هەڵبژاردن و تێپەڕاندنی بەربەستی سەدا 10ی هەڵبژاردن لە لایەن هەدەپەوە، داودئۆغڵو گوتی: ناتوانین هیچ حەسابێك لەسەر سەندوق بكەین، كاتێك كە باس لە سەندوق دەكرێت ئەوانەی كە پێشتر پلانیان داناوە پلانەكانیان سەر ناگرن بۆیە پێویستە هەموومان پێكەوە سەیر بكەین تا بزانین چی روو دەدات.
داودئۆغڵو گوتی: پێویستە هەدەپە بەرپرسیاریەتی ئەنجامی ئەو بڕیارەی كە داویەتی بگرێتە ئەستۆ، پێویستە لەسەرەتاوە ئەمە بە هەدەپە بگوترێت، یاساكانی یارییەكە روونن و ئەگەر تۆ لە چوارچێوەی ئەو یاسا و ریسایەدا بەشداری هەڵبژاردن دەكەی ئەو كەوتوویتە نێو یارییەوە و سەركەوتوو دەبیت و بەربەستی سەدا 10 تێدەپەڕێنی و ئەمەیش دەستكەوتێكی گرنگە، لە بارودۆخێكی بەو جۆرەدا هەدەپە بۆ خۆی بڕیاری خۆی دەدات بەڵام بە گشتی نابێت وا بكات و بیر لەوە بكاتەوە كە ئەگەر سەركەوتوو بم ئەوا ژمارەی پەرلەمانتارەكانم دەبێتە 50 یا 60 یا 70 و بەو جۆرە دەبمە ئەكتەرێكی كاریگەر لە توركیا، ئەم ئەنجامە كاتێك دەردەكەوێت كە بە گشتی سەركەوتوو بێت و ئێمەیش رێزی لێ دەگرین، بەڵام چۆن رێز لەو ئەنجامە دەگری ئەوا دەبێت بە هەمان شێوە بەرپرسیاریەتی ئەو ئەنجامانەیش بگریتە ئەستۆی خۆت كە ئەگەر هاتوو سەركەوتوو نەبووی.
داودئۆغڵو گوتی: پێویستە هەدەپە راستگۆ و نیازپاك بێت و لە دوای هەڵبژاردن دەست بە گفتوگۆ كردن لەسەر مەشروعیەتی هەڵبژاردن نەكات، با باش بیر بكەنەوە و بڕیاری خۆیان بدەن و ئێمەیش هەمیشە ئامادەین لە چوارچێوەی یاسا و ریساكاندا یاری بكەین و ئەگەر ساڵی رابردوو پێشنیارەكانی ناوچەی بەرتەسككراویان بۆ هەڵبژاردن پەسەند كردبایا ئەوا ئاستەنگێك بە ناوی بەربەستی سەدا 10 نەدەما، ئێمە وەكو ئاكەپە بۆ هەر شەرت و مەرجێك ئامادەین.
داودئۆغڵو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: لە بەردەم هەدەپە سێ رێگا هەیە، یا وەكو ئەندامی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردن دەكات، یا وەكو پارتی بەشدار دەبێت و بەربەستی سەدا 10 تێدەپەڕێنێت و ئەگەر ئەو بەربەستە تێبپەڕێنێت ئەوا وەكو مەهەپە و جەهەپە دەبێتە مۆخاتەبی سیاسی ئێمە. یا بەشداری لە هەڵبژاردن ناكات.
داودئۆغڵو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی سەردانی شاندی هەدەپەی بۆ ئیمراڵی كرد و گوتی: دانوستانەكان درێژەیان هەیە و پێویستە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكاندا چەك و رێبازە چەكدارییەكان بە توندی رەتبكرێنەوە. ئەوەی ئێمە چاوەڕوانی دەكەین ئەوەیە كە لەگەڵ نزیك بوونەوەی هەڵبژاردن كەش وهەوایەكی ئارام لە توركیا هەبێت و هەر جۆرە توند و تیژییەك و چەك و رێبازی چەكداری رەتبكرێنەوە.