ئەنقەرە
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئاك پارتی پارێزگاكانی توركیا گوتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: "پێویستە لە بەرامبەر سیاسەتی پارچەكردن و سیاسەتی پەراوێزخستن و سیاسەتی نانەوەی دووبەرەكی لە توركیا ئێمە سیاسەتێكی یەكخستنەوە و سازان بەردەوام بكەین چونكە گەلی ئێمە داوای ئەمە دەكات".
داودئۆغڵو گوتی: "خەڵك بە حزبەكانی گوت كۆببنەوە و گفتوگۆ بكەن. ئەم قۆناغە ئەوەی سەلماند كە بە پەیڕەوكردنی سیاسەتی پەراوێز خستنی سەركۆمار و لاوازكردنی رۆلی سەرۆكایەتی ئەوا ناتوانرێت لە نێو چوارچێوەی یاساییدا لە توركیا سیاسەت بكرێت".
داودئۆغڵو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەت كرد و گوتی: "سیاسەتی كراوە و بە پێوەری ئێمە لەو چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبێت بەڵام ئەمەیش بەو ماناییە نییە كە ئاك پارتی لە سەر دەستكەوت و پێوانەكانی خۆی فیداكاری بكات و ئەوانەی كە لە دژی خەبات و كاری 13 ساڵەی ئاك پارتین ناتوانن باسی هیچ شتێك لەگەڵ ئاك پارتیدا بكەن، ئێمە وەكو ئاك پارتی بە پاراستن و بەرگریكردن لە دەستكەوت و پێشكەوتنەكانی 13 ساڵی رابردوو، لەگەڵ ئەوانەی كە دەیانەوێت گفتوگۆ بكەن ئامادەین بۆ ئەوەی كە توركیا بەبێ حكوومەت نەبێت گفتوگۆ بكەین و لەو سۆنگەیەوە لە چوارچێوەی كلتووری سازاندا هەر جۆرە هەڵوێستێكی ئەرێنی نیشان دەدەین".
لە بارەی تیرۆریستانی داعشەوە داودئۆغڵو گوتی: "هەر لە سەرەتاوە توركیا ئەم رێكخراوەی وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستی و مەترسیدار لەقەڵەم داوە و لە رۆژی 10ی كانوونی دووەمی ساڵی 2013 توركیا پێش هەموو كەسێك داعشی وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستی پێناسە كردووە، چونكە ئەو كاتە توركیا ئاگاداری ئەو مەترسییە بوو كە نزیك دەبوویەوە".
داودئۆغڵو گوتی: "لە كۆبوونەوە ئەمنییەكەی 23ی ئەم مانگە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیدا ئەوە دەركەوت كە چەند كەس و لایەنێك هێزەكانی خۆیان رەوانەی مەیدان دەكەن، بۆیە ئێمەیش بڕیارماندا كە شەڕی ئەو كەسانە بكەین كە لە پشت ئەو هێزانەوەن، هەر بۆیە ئەو شەوە بە شێوەیەكی هاوكات هێرش كرایە سەر داعش، دەهەكەپەجە و پەكەكە".
سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتیشی: "دوو پۆلیسی ئێمە كاتێك شەو لە جەیلانپنار (سەرێ كانی) لە ماڵەكانیاندا دەنووستن كوژران، كوا ئەو گوتەبێژانەی هەدەپە كە دوێنێ لەسەر كورسی پەرلەمان بانگەشەیان بۆ ئاشتی دەكرد، با سەرەتا حەسابی ئەو دوو پۆلیسە بدەنەوە، بێگۆمان دەیدەنەوە. ئێستایش یەك لەو هاوسەرۆكانە كە سنووری خۆی نازانێت بێ رێزی بە سەرۆكایەتی و سەركۆمار دەكات، لێرەدا دەڵێم كە سەرۆكایەتی كۆمار و هەموو دەزگا و پۆستەكانی كۆماری توركیا لە چوارچێوەی دەستووری توركیادا ئەركێكی پیرۆز جێبەجێ دەكەن بەڵام ئێوە گڵادیۆی تیرۆرن".
گوتیشی: "بە بیری ئەو گوتەبێژەی هەدەپە دەهێنمەوە كە دوێنێ لە پەرلەمان بانكی لە خوا دەكرد، كە ئێمە ئەم جۆرە قسانەمان بۆ هەموو چینەكانی خەڵك كرد كە گەیشتینە ئەم ئاستە، بەڵام پێویستە دەستی ئێوە بۆ ئاسمان بەرز ببێتەوە نەك بۆ قەندیل، سەرەتا پێویستە فێری ئەمە ببن".