سلێمانی
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی توركیا فەرەیدون سینیرلیئۆغڵو گەیشتە شاری سلێمانی و لەگەڵ هەریەك لە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە نێو بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە شاری سلێمانی گواستییەوە، دوای گەیشتنی سینیرلیئۆغڵو بە شاری سلێمانی بەرەو بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەڕێكەوت و لە ئێستادا لەگەڵ جێگری سكرتێری گشتی ئەو حزبە و جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆسرەت رەسول لە كۆبونەوەدان.
بڕیارە دواتر سەردانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی بكات و لەگەڵ رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە نەوشیروان مستەفا كۆببێتەوە.
سەردانی راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی توركیا بۆ شاری سلێمانی و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەكێتی و گۆڕان، دوای سەردانی دوێنێی ناوبراو بۆ شاری هەولێر و كۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دێت.
لەو كۆبونەوانەدا تاوتوێی بابەتەكانی بەرەنگار بونەوەی تیرۆر، پەیوەندییەكانی هەرێم و توركیا، پرسی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دژی پەكەكە دەكرێت.