Rewa Mahmut Hasan,Mohammed Baqi Hussein
05 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2016
ماردین
لەمیانی بەشداری كردنی لە كۆنفرانسی كۆكردنەوەی برایەتی ماردین، سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لەشاری ماردین گوتەیەكی پێشكەش كرد و، باسی لە تێكەڵبوونی شارستانیەكان و برایەتی تورك و كورد و عەرەب كرد كە لە مێژووی ئیسلامەوە بۆیان ماوەتەوە.
سەرەتا داودئۆغڵو ماردینی وەك نموونەی پێكەوە ژیان هێنایەوە و گوتی: "لە وڵاتدا دوو كولتور لە مێژووەوە هاتووە، یەكێكیان كولتووری شەڕوپێكدادان، ئەوەی تریان كولتووری پێكەوە بوون، سەیر بكەن ماردین لەسەردەمی حەزرەتی عومەردا فەتح كرا، حەزرەتی عومەر لەو سەردەمەدا كۆكراوەی هەموو شارستانیەتی عێراق، میسر، ئێرانی هاوشێوەی رۆحیەتی مەدینە بنیات نا. رۆحیەتی مەدینە رۆحیەتی یەكسانی بوو .كاتێك حەزرەتی پێغەمبەر لە گوتاری ماڵئاواییدا باسی لەوە كرد كە عەرەب، لەسەرووی بێگانەكانەوە نین، مەبەست لێی ئەوە بووە كە نەوەكانی ئادەم، میللەتی ئیبراهین لەگەڵ ئەوانی تردا یەكسانن.
ئەمڕۆ لە جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە باس لە جوگرافیای شوناسی ئیسلام دەكرێت، ئەنجامەكەی ئەو رۆحیەتە یەكخەرەیە كە لە ماردیندا رەنگی داوەتەوە. دواتر هێزە شەڕكەرەكان هاتن و گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو، كاتێك پێویست بە رۆحێكی یەكخەر هەبوو، سوڵتان ئالپئارسلان هات و لە سوپای مالازگرتدا هەموو تاكەكانی گەلانی ئانادۆڵوی بە كورد و تورك و عەرەبەوە كۆكردەوە و مەشخەڵی رۆحیەتی یەكخەری لە ماردین داگیرساند. لەناو سوپاكەیدا تورك، كورد، عەرەب هەبوو، بگرە گەلانی تر و ئەرمەنیش هەبوون كە بەدوای دادپەروەریدا دەگەڕان. ئەمە لانەی ئەو خەرمانەیە كە دووریومانەتەوە.
لە بەشێكی تری گوتەكانیدا داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا كە دواتر خاچپەرستەكان هاتن و لەبەرامبەر ئەو پەرشكردن و بڵاوەپێكردن و پارچەپارچە كردنەی ئەنجامیان دا، سەڵاحەدین ئەیوبی هات و كەوتە خۆ.
داودئۆغڵو باسی ئەو سەردەمەشی كرد و گوتی: "ئایا هیچ جیاوازیەك هەیە لەنێوان ئەوەی، كوردێك بیت لە سوپای ئالپئارسلان یان توركێك بیت لەناو سوپای سەڵاحەدین ئەیوبی؟ من ئەمڕۆ كە دەچمە ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێم ئەلحەمدولیلا، من منداڵی عەشیرەتێكی توركمانم، وەك تاكێكی ئەو قەومانەی لە سوپای ئالپئارسلاندا هاوشانی كوردەكان، كار كرا بۆ دامەزراندنی ئەم شارستانیەتە. لە دەستە چەپم منداڵێكی میزۆپۆتامیا، كە كوردە دادەنیشێت، محەمەد شیمشەك یاریدەدەری سەرۆكوەزیران، لە دەستە راستیشم كەسێكی تر لە قەرەدەنیز( ناوچەی سەر دەریای رەش لە توركیا) هەیە، نومان كورتوڵموش، با هەموو وەزیرەكان نەبژێرم. ئەمەیە خەرمانی توركیا، ئەگەر ئومێدێكمان هەبێت یان بەنیازی شتێك بین، ئەوا دەبێت پێكەوە كورد و تورك شان بەشانی یەكتر، وەك توركێكی ناو سوپای سەڵاحەدینی ئەیوبی و وەك كوردێكی ناو سوپاكەی ئالئارسلان، پێكەوە مێژوو دەنووسینەوە، هەموو یەكێكمان ئالپئارسلان و سەڵاحەدینی ئەیوبین .
داودئۆغڵو وەبیری هێنایەوە كە دوای خاچپەرستەكان، مەغۆلەكان بەمەبەستی پارچەپارچەكردنی ئانادۆڵو هاتوون و میزۆپۆتامیایان خاپوور كردووە و بەمشێوەیە درێژەی بە قسەكانی دا.
"گیانێك پێویست بوو كە خەڵكی پێكەوە ببەستێت. لە سۆغوتەوە گیانی عوسمانی سەری هەڵدا. دواتر بووە دەوڵەتێكی مەزن و دەوڵەتی سوڵتان سەلیم و مەلا ئیدریسی بەدلیسی كە سەروەری ئیسلامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەستەبەر كرد. بوونی ملا ئیدریسی بەدلیسی لە سوپای سوڵتان سەلیمدا، هێزی پێكەوە گرێدانی تورك و كورد بوو. بنیاتنەری مزگەوتی فاتیح پاشا كە ئەمڕۆ دەیانەوێت خاپووری بكەن، ئیدریسی بەدلیسی كورد و فاتیح پاشای توركن كە لەگەڵ سوڵتان سەلیم خاندا ئەم جوگرافیایەیان فەتح كردووە و ئیستانبوڵیان بە بەغدا و مەدینە و قودسەوە بەستۆتەوە. بزانن ئەوانەی كە هێرشیان كردە سەر مزگەوتی فاتیح پاشا و سووتاندیان، ئەو برایەتییەیان كردۆتە ئامانج. بەڵقان، قەفقاس، دەریای سپی، دەریای رەش، خەزەر، باكووری ئەفریقا هەمووی پێكەوە لەژێر یەك دەسەڵاتدا نزیكەی 400 ساڵ ژیان. نەیانتوانی پارچەپارچەی بكەن و دابەشی بكەن، چونكە لە داروسەعادەتی ئیستانبوڵەوە ئیرادەیەك بوونی هەبوو".
داودئۆغڵو رایگەیاند دەوڵەتی عوسمانی 400 ساڵ بە هەمان گیانی پێكەوەژیانەوە دژی هەموو هەڕەشەیەك لە رۆژهەڵات، رۆژئاوا، باكوور و باشوورەوە وەستانەوە.
داودئۆغڵو گوتی: "ئەمجارەیان هێزێكی پارچەپارچەكەری دیكە هاتە كایەوە، دوای خاچپەرستەكان و مەغۆلەكان، داگیركاران هاتن. ساڵی 1798 كاتێك ناپلیۆن چووە میسر، یەكەم خەنجەری داگیركاریمان لێدرا، لەو رۆژەوە گیانی پێكەوەژیانی ماردین، دیاربەكر و ئیستانبوڵ دژی گیانی پارچەپارچەكەری داگیركەران وەستاوەتەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە ئەمساڵ ساڵوەگەڕی لێپێچینەوەی سەدەیەكە و بەمشێوەیە درێژەی پێدا:
"ئەمساڵ سەدەمین ساڵی كوت و عەمارەیە. جەنگی چاناككالە ئەزانین لەمێژووماندا و شانازی پێوە دەكەین. ساری قامیش دەزانین. یەمەن دەزانین، بەڵام كەم لە ئێمە كوت و عممارە بزانێت. لە ئێستادا لە باشووری عێراق لە نزیك شاری كوتە. لەم جەنگەدا ساڵی 1916 تەواوی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دژی ئەو هێزە داگیركەرانەی بەرەو بەغدا دەڕۆیشتن ئەوپەڕی بەرگرییان كرد و دواین سەركەوتنیان تۆمار كرد. لە سوپاكەدا عەرەب، تورك، كورد، سریانی و كلدانی و سوننە و شیعە پێكەوە جەنگین. ئەوانەی رووداوە مێژوویەكە دەگێڕنەوە دەڵێن، لەبەرئەوەی دەیانزانی دواین جەنگە، هەموو پێكەوە دەجووڵانەوە و داگیركەرانیان تووشی شكستێكی گەورە كرد. لەسەختترین كاتماندا و تەنانەت لە لاوازترین كاتماندا ئەگەر ئێمە، تورك ، كورد ، عەرەب ، سوننە، شیعە، مسوڵمانان و هەموو گەلانی دێرینی میزۆپۆتامیا شانبەشان بجووڵێینەوە، بەسەر حەوت دەوڵەتدا سەردەكەوین، لە كوت و عممارە نیشانمان دا و سەدەیەكی بەسەردا تێپەڕیوە".