Yıldız Aktaş
20 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2015
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو دوای سەردانی قوتابخانەی ئیمام خەتیبی تۆفیق ئیلەری وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی رووداوەکەی مالی، داودئۆغڵو رایگەیاند کە لەوبارەیەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، فەرەیدوون سینیرلیئۆغڵو کۆبووەتەوە و باڵیۆزخانەی ناوچەکە مێزی قەیرانیان پێکھێناوە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوە دا لە ئۆتێلەکەی وڵاتی مالی پێنج لەو حەوت ھاووڵاتییە تورکە رزگار کراوە و گوتیشی: "لەگەڵ دوو ھاووڵاتییەکەی دیکە لە پەیوەندیداین. رزگارکراوەکان رەوشی تەندروستیان باشە و ھیچ کێشەیەکیان نییە. ئینشەڵا ئەوانیش رزگار دەکەین، بۆ ئەمەش ھەوڵەکانمان بەردەوامە. ھەروەک ئاماژەم پێ کرد پێنج لەو حەوت ھاووڵاتییەمان رزگار کراوە. دووانەکەی دیکەش ئینشەڵا لە ماوەیەکی نزیکدا رزگار دەکرێت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بکەری ئەو ھێرشەکەی مالی، داودئۆغڵو رایگەیاند: "ھێشتا زانیارییەکی روون لەوبارەیەوە نییە".
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا لەگەڵ ھێرشەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە سووریا لێشاوێکی نوێی پەنابەرانی لێدەکەوێتەوە و گشت لایەک لەمە بەرپرسیار دەبێت و جارێکی دیکە رژێمی سووریا ئاگادار دەکەینەوە کە ئێمە ھیچ جیاوازییەک لە نێوان تورکمان، عەرەب و کورد ناکەین. راشیگەیاند ھێرشکردنە سەر ھاووڵاتی سڤیل لە نزیک سنوورەکانیان کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە درێژەدا روونیشی کردەوە کە پەیوەندی بە پزیشکەکانی ناوچەی بایربوجاک کردووە و رایگەیاند کە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی ئوسامە ئەبلاق ٤٠ برینداری تورکمان ھەیە.
ھاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چاودێری بابەتەکە دەکەن، داودئۆغڵو ھەروەھا گوتیشی: "کۆبوونەوەیەکمان لەوبارەیەوە لەگەڵ رووسیا ئەنجام دا کە رووسیا دەزانێت تورکیا لەو بابەتەدا ھەستیارە. یەکەم، ئێمە دژی ھەر جۆرە ھێرشێکین کە بکرێتە سەر کەسانی سڤیل. دووەم، ئێمە لەبنەڕەتەوە دژی ئەوەین کە بەدرێژایی سنوورەکانمان ھێرشگەلێک ببنە مایەی درووستبوونی شەپۆلێکی نوێی پەنابەران. سێیەم، تورکمانەکانی بایربوجاک ئەو خوشک و برا بەڕێزانەمانن کەبەدرێژایی چەندین سەدە لەوێ ژیاون ھاوشێوەی سوورییەکانی دیکە. ئەو ھێرشە بەربەرییەی کراوەتە سەر ئەوان بەتوندترین شێوە ئیدانە دەکەین و لەوبارەیەشەوە بانگێشتی ھەمووان دەکەین کە بەوریاییەوە ھەڵسوکەوت بکەن. بەبانگەشەی ئەوەی ''بەرەنگاری تیرۆر دەبینەوە'' ھیچ کەسێک ناتوانێت رەوایەتی بداتە کۆمەڵکوژی خوشک و برای تورکمان، عەرەب و کورد''.