Ramal Mahmood
07 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2016
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، وەیسی کایناک رایگەیاند کە شوێنی بەخاکسپاردنی کۆئەندامەکانی ناوەوەی جەستەی سوڵتانی عوسمانی، سولەیمانی قانوونی دۆزراوەتەوە کە لە ساڵی ١٥٦٦ لەکاتی گەمارۆدانی قەڵای زیگەتڤار، گیانی سپاردبوو.
کایناک بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون بەفەرمی سەردانی هەنگاریای کرد و ئاماژەی بەوە دا کە دۆزینەوەی گڵکۆی سوڵتان سولەیمانی قانوونی لە ئاکامی کاروچالاکییەکانی سهرۆكایهتی ئاژانسی ههماههنگی و هاریكاری توركیا TİKAەوە بووە و گوتی: "بەگوێرەی زانیارییەکانی پسپۆڕانمان، هەم لەڕووی پێکهاتەی کەلوپەلەکانەوە، هەم لەڕووی شێوەوە دەتوانین لەسەدا سەد دڵنیابین لەو ئەنجامە. TİKA خەرجی ئەم پرۆژەیەی لە ئەستۆ گرتووە. هەروەها لێرە زانایانی مرۆڤناسی هەنگاریاش ئەرکیان پێ سپێردراوە. ئەمە هەم بۆ ئێمە هەم بۆ هەنگاریا سەرکەوتنێکی گرنگە".
سەرۆکی تیمی پرۆژەکەی تورکیا، پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی ئوزای پەکەر ئاماژەی بەوەدا کە لە هەڵکۆڵینەکانی ساڵی پار هەندێک سەرەداویان دەستکەوتووە و گوتی: "لەئاکامی کارو چالاکییەکانی مانگی حوزەیران و تەمووزدا جێگەی تەکیە و مزگەوتە نزیکەکەی گڵکۆکەمان دۆزیەوە. بەمجۆرەش توانیمان بەدڵنیاییەوە گڵکۆی سوڵتان سولەیمانی قانوونی بدۆزینەوە".
سوڵتان سولەیمانی قانوونی لەکاتی گەمارۆدانی زیگەتڤار گیان لەدەست دەدات و بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی رووخانی ورەی سەربازەکان، هەواڵی مردنی لەسەربازان دەشاردرێتەوە. گوایە بۆ ئەوەی جەستەی تێکنەچێت کۆئەندامی ناوەوەی جەستەی دەردەهێنن و لەشوێنی خێمەی هەڵدراو لەخاک دەنرێت. لەدوای تەواوبوونی گەمارۆکە تەرمەکەی دەگوازرێتەوە ئیستانبوڵ و لە حەوشەی مزگەوتی سولەیمانییە بەخاک دەسپێردرێت.
سوڵتان سەلیمی دووەم، لەشوێنی لەخاکنانی کۆئەندامی ناوەوەی لەشی باوکی گڵکۆ و مەزارگە و مزگەوت و تەکیەی درووست کرد، دوای تێپەڕبوونی ١٥٠ ساڵ قەڵای زیگەتڤار لەلایەن سەربازانی هابسبۆرگ داگیرکرا و گڵکۆ و مەزارگەکە رووخێنران. دواتر ناویان لەو ناوچەیە نا "توربەک" کە بەواتای گڵکۆ دێت. دەنگۆی ئەوەش هەیە کە ئەو کڵێسەیەی پێشبینی دەکرێت لەسەر گڵکۆکە درووستکرابێت ناوی کڵێسای توربەک بووبێت.