Hamza mansur . Sarmand Hameed
18 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2016
هەولێر ــ AA
دەزگای خزمەتگوزاری و فریاگوزاری ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بە توندی ئیدانەی هەوڵی كودەتا شسكتخواردوەكەی چەند رۆژی رابردووی توركیای كرد و پێی وایە کە هەوڵی كودەتاکە لە رووی یاسا و پرەنسیپەكانی ئایینی ئیسلامەوە تاوان و گوناهێكی گەورەیە.
دەزگاكە لە پەیامەكەیدا هیوای خواستووە کە سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر لە حكومڕانی داد و گەشەپێدان بەردەوام بێت و وڵاتی توركیاش لە كودەتاچی و تەلەكەبازان ببارێزێت.
هەر لەو پەیامەدا دەزگای خزمەتگوزاری و فریاگوزاری ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر پەیوەندی دۆستانە و برایەتی نێوان هەردوو گەلی كورد و تورك كردووەتەوە و لەهەمان کاتدا بە بۆنەی سەركەوتنی سەركردایەتی حەكیمانە بەرامبەر ئەو پیلانگیڕییەی كە دوژمنان لە ناوە و دەرەوەی توركیا دایانڕشتبوو، پیرۆزبایی ئاراستەی ئەردۆغان كردووە.
لە پەیامەكەی دەزگای خزمەتگوزاری و فریاگوزاری ئیسلامی لە هەرێمی كوردستاندا هاتووە: "هەوڵی كودەتا سەربازییەكە كارێكی هەڵە و تاوانێكی گەورەیە. پاڵپشتیكردنی سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەلایەن هاووڵاتییانەوە جێگەی ستایش و بەرز نرخاندنە، چونكە جەماوەری توركیا بە هەموو پێکهاتە و نەتەوەكانییەوە لەبەرامبەر رەتكردنەوەی هەوڵی كودەتا سەربازییەكە یەك هەڵوێست و یەك دەنگ بوون كە ئەمەیش بەڵگە و نیشانەی برایەتی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەیە لە نێوان نەتەوەكانی تورکیا.
لە كۆتایی پەیامەكەدا دەزگای ناوبراو هیوای خواستووە، سەركۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەوڵە ئاشتییەكانی تا كۆتایی بەردەوام بێت بەتایبەتیش لە ناوچە كوردنشینەكان، چونكە گەلی كورد لەوە زیاتری لێ چاوەڕێ دەکات.
شەوی ١٥ی تەمووز، لە شارەکانی ئەنقەرە و ئیستانبۆڵ، ژمارەیەك سەربازی سەربە رێكخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی هەوڵی كودەتایەكی سەربازییان دا و ئەو دوو پردەی كە هەر دوولای ئیستانبوڵ پێكەوە دەبەستێتەوە داخست لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی چەند دامەزراوەیەکی فەرمیی راگەیاندن و دوای ئەوەیش هێزەکانی پۆلیس و میت و هاووڵاتییان شکستیان بەو کودەتا سەربازییە هێنا.