دیاربەكر
دەزگای كولتووری و لێكتێگەیشتنی شێخ سەعید لە دیاربەكر كرایەوە. سەرۆكی دەزگایەكە مەھمەت قاسم فرات لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند بڕیاریانداوە بەناوی شێخ سەعید دەزگایەك دابمەزرێنن. ماڵباتی شیخ سەعیدیش پشتگیرییان لە ھەوڵەكە كردووە.
مەھمەت قاسم فرات رایگەیاند ئەندامە كاتییەكانی بەڕێوبەرانی رێكخراوەكە لە 30 مانگی رابردوو داواكارییەكیان پێشكەشی پارێزگاری دیاربەكر كردووە ئەوانیش بە ئەرێنی وەڵامی داواكارییەكەیان داوەتەوە ئێستا دەزگایەكە بەفەرمی كراوەتەوە. ئامانجیان لە كردنەوەی ئەو دەزگایە پارێزگاری كردن لە بەھا نەتەوەیی، مەعنەوی و مێژووی شێخ سەعید و ھاوڕێكانییە. بۆ ئەو مەبەستەش دامەزراوەیەك بۆ كاروباری ئەو رێكخراوە دەكرێتەوە.
سەرۆكی دەزگای شیخ سەعید لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا گوتی: "پێشووتریش ھەوڵ دراوە دەزگا بەناوی شیخ سەعید بكەنەوە بەڵام سەركەوتوو نەبوون بەڵام بۆ جاری یەكەمە لە ژێر ناوی شێخ سەعید و ئامانجەكانی ئەو دەزگایەك كراوەتەوە. ئەمەش تۆمار كراوە. قەبووڵ كردنی ناوی شێخ سەعید ھەنگاوێكی ئەرێنییە. ئێمە بە ھەموو ھەنگاوێكی ئەرێنی دەڵێین (بەڵی) بەڵام ھێشتا بەگوێرەی پێویست نییە. ئەو رێپێدانەش ھەنگاوێكی بچووكە بۆ باش بەڕێوەچوونی قۆناغی چارەسەری لە توركیا".