دیاربەكر
سكرتاریەتی لقی دیاربەكری ئەنجوومەنی ئاشتی توركیا و ئەرمەنییەكان لە هۆڵی ناوەندی كولتووری قایاپنار كۆڕێكی یاد كردنەوەیان بۆ رۆژنامەنووسی تیرۆركراوی توركیا هرانت دینك رێكخست.
سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر گولتەن كشاناك كە ئامادەی كۆڕەكەبوو گوتەیەكی پێشكەش كرد و باسی لە گەورەیی دینك كرد كە خودی خۆی نیشانی دەدا، توركیا چەندە دەوڵەمەندە بە كولتووری جیاوازەوە و دینك نیشانەیەك بووە كە ئەم خاكە شوێنی برایەتی و بەها مرۆییەكانە بەڵام كەسانێك خوازیارن كە ئەم خاكە بكەنە خاكێكی بێ پیت و بەرەكەت.
كشاناك لە درێژەدا گوتی: "ئەوانەی هرانت دینك-یان كوشت، نەیانتوانی بگەن بە ئەرمەنییەكان. ئەوانە وایان زانی بە كوشتنی هرانت دینك كە ببووە دەنگی گەلی ئەرمەنی، ئیتر گەلێك بێدەنگ دەكەن، بەڵام تا ماوە هرات دینك وەك سیمبۆلی گەلی ئەرمەنی و هاوكات برایەتی گەلان دەمێنێتەوە".
كشاناك ئاماژەی بە كەیسی لێكۆڵینەوە لە كوشتنی هرانت دینك كرد و بە بیری هەموو لایەكی هێنایەوە كە لە ماوەی دواییدا چەندین كەس بەتۆمەتی پەیوەست بوونیان بە كوشتنی دینك-ەوە دەستگیر كراون و داواشی كرد كە هەرچی زووترە ئەوانەی لە پشت ئەو كارەوەبوون باجی كارەكەیان بدەن.
لە كۆڕەكەدا عودی یەرڤانت بۆستانجی هونەرمەندی ئەرمەنی كە دوای ٢٢ ساڵ ژیان لە ئەمریكا گەڕاوەتەوە دیاربەكر، لەگەڵ ستیڤان ئیلهان هونەرمەندی ئەرمەنی بە كوردی و توركی و ئەرمەنی گۆرانیان چڕی.