ئەنقەرە
سەلاحەدین دەمیرتاش، دوای هەڵبژاردنی وەکو هاوسەرۆکی هەدەپە، لە کۆنگرەی دووەمی پارتەکەی گوتارێکی پێشکەش کرد.
دەمیرتاش سەرەتا بانگی لە یەکێتی لە گەلی کورد کرد و گوتی: "ئەگەر بمانەوێ رێگریی لەو ھێزانە بکەین کە پێش١٠٠ ساڵ وڵاتەکەمانی دابەشکرد و رەنگڕێژی سنوورەکانی کرد، بۆ ئەوەی ئەمجارە نەتوانن دەستوەردەنە کاروباری ئێمە و یاری بە چارەنووسمانەوە نەکەن، ئەوا دەبێ ھەموومان یەکدەنگ و یەکھەڵوێست بین چونکە بێجگە لە یەکێتی و تەبایی ھیچ رێگا چارەیەکی دیکەمان نییە."
دەمیرتاش لە باسی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوین گوتی: "لە سەردەمێکدا کە بۆنی خوێن و بارووت لە دەوروبەری تورکیا دێت و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست یەکپارچە بۆتە ئاگر، حکومەتێکی ئۆتۆریتەر کە ھاووڵاتییان دەترسێنێ لە تورکیا لەسەر دەسەڵاتە، ئەو نائۆمیدییەی کە بەھۆی لاوازی ئۆپۆزسیۆنی تورکیاوە کە وەکو ماسی دوور لە ئاو ھاتۆتە ئاراوە، نوێنەری راستەقینەی گەل ئێستا ھەدەپەیە و بۆ ئەو مەبەستە کۆنگرەی پارتەکەمان بەست لەم کاتەدا. ھەدەپە دەبێتە نوێنەری راستەقینەی داھاتوویەکی ئازاد، ئاشتی و دادپەروەریی و یەکسانی بەو جۆرە دەبێتە تاقە ئۆمیدی گەلانی تورکیا، لە وڵاتانی دراوسێی تورکیا، بەھۆی جیاوازی مەزھەب و ئاینەوە، خەڵک یەکتر سەر دەبڕن، بەڵام ھەدەپە ھەوڵ دەدا لەو جوگرافیا ئاڵۆزەدا ھەموو پێکھاتە جیاوازەکان لە سای ئاشتی و دادپەروەریدا کۆ بکاتەوە چونکە برایەتی و یەکێتی راستەقینە، ھاووڵاتی ئازاد و یەکسان بۆ ئێمە زۆر گرنگە."
دەمیرتاش گوتیشی: "بۆ ئەوەی نەکەوینە نێو بۆسەی شەڕی ئاینیی و رەگەزپەرستییەوە، پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتێکی ھاوبەش و بە دەستھێنانی ئازادییەکانمان، راوێژ و ھاوکاریی زیاترمان پێویستە. دەبێ خاوەندارێتی لە یەکتر بکەین، چونکە کات کاتی خاوەندارێتیکردنی یەکترە. ئەو ھێزانەی پێش سەد ساڵ وڵاتەکامنی دابەشکرد و سنوورەکانی رەنگڕێژ کرد، ئێستاش دەیانەوێ دەستکاری چارەنووسی ئێمە بکەن، بۆیە پێویستە رێگرییان لێ بکەین و بێجگە لە یەکدەنگ بوون و یەکھەڵوێستی، ھیچ رێگا چارەیەکی دیکەمان لە پێش نییە. گەلی ئێمە خێر و بێری لەو دەوڵەتانەی لەسەر بنەمای عەقڵیەتی تاکڕەویی دامەزراون نەبینی و ناشیبینێ. ئێستا نموونەیەکی باش کە بتوانین چاوی لێ بکەین، ئەزموونی حوکمداری رۆژئاوای کوردستانە، ئەو مۆدێلەی ھەموو پێکھاتە جیاوازە ئاینیی و ئەتنیکییەکان بتوانن بە شێوەیەکی یەکسان و ئازاد لە ماف و ئازادییەکان کەڵک وەرگرن و بە شێوەیەکی یەکسان بەشداری پڕۆسەی دەسەڵات و بەڕێوەبردن بکەن، پێمانوایە باشترین نموونەیە بۆ تورکیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ئێمەیش لەو چوارچێوەیەدا ھەوڵ بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان دەدەین و مافی ژیانی ھەموو کەسێک دەپارێزین لە چوارچێوەی دۆستایەتی و یەکسانیدا."
دەمیرتاش بەردەوام بوو لەسەر قسەکانی :" تا ئەو کاتەی ھەموو تاکێکی کۆماری تورکیا هەست بەوە دەکا هاووڵاتی یەکسانە لەم وڵاتەدا، تا ئەو کاتەی وەکو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە نەبینە خاوەن ئیرادە و ئازادی خۆمان، سازش لەسەر تێکۆشان ناکەین، ھەوڵ دەدەین ھەدەپە ببێتە دەسەڵات تا مۆدێلێکی نوێ بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بخاتەڕوو. بۆیە وەکو ھەدەپە بە پاڵێوراوێکی شیاو و دڵسۆز بۆ پۆستی سەرکۆماری تورکیا، بەشداری لە ھەڵبژاردنی سەرکۆماریی دەکەین، بۆ جاری یەکەمە پاڵێوراوی خەڵک بەشداری ھەڵبژاردن دەکا و دەبێتە سەرکۆماری تورکیا."
هەروەها خاتوو فیگەن یوکسێکداغ، ھاوسەرۆکی ھەدەپە لە میانی گوتارێکدا کە دوای هەڵبژاردنی پێشکەشی کرد گوتی: ھەدەپە بزووتنەوەیەکە لە کاتی خۆیدا دروستبووە و تورکیا زۆر پێویستی پێیانە. بیروڕایەک کە کاتی گوتنی ھاتبێ، ئەوا ھیچ ھێزێک ناتوانێ رێگری لێ بکا. ئەمڕۆ لەگەڵ خەڵکی خۆمان و لەگەڵ ھەموو چەوساوەکان زیاتر لە ھەر کاتێ لە سەرکەوتن نزیک بووینەتەوە و ئەمڕۆ کات کاتی ھەدەپەیە. ھەدەپە بە تەنیا نییە، ھەوڵدەدا ببێتە گەورەترین ھێزی زۆرینە، ئەوانەی کە باوەرییان بە ئازادی، یەکسانی ویەک ئاماج ھەیە، ھەموو دۆستەکانمان لە یەک سێبەردا کۆبووینەوەبۆ دامەزراندن و دابینکردنی داھاتوویەکی گەش. ئەرکی سەرەکیمان لەم قۆناغەدا ئەوەیە کە ئەو شتانەی تائێستا بە خەڵک نەدراون، بیاندەینێ، ھەدەپە بزووتنەوەیەکە کە دەتوانێ دیموکراسیەتی راستەقینە لە تورکیا پەیڕەو بکا بۆیە بۆ بەرقەرارکردنی دیموکراسی راستەقینە، درێژە بەو رێگایە دەدەین کە ئەمڕۆ دەستمانپێکردووە."
لە لایەکی دیکەوە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ کۆنگرەی ھەدەپە لە لایەن جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ھەدەپە پەروین بوڵدانەوە خوێنرایەوە و دەست بە کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ ئازادکردنی ئوجالان کرا.