Rewa Mahmut Hasan
24 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2015
دیاربەکر
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند: "کەس بەترسەوە دەنگ بە هەدەپە نەدات، ئێمە دەنگی ترسنۆکان وەرناگرین، کەس چەکی لەکەس رانەکێشاوە بۆ دەنگ" و ئاشکراشی کرد کە هەندێک لایەن دەڵێن هەدەپە بە هەڕەشە دەنگ کۆدەکاتەوە بەڵام ئەوانە لەراستیدا دەیانەوێت بەو بیانووە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان.
دەمیرتاش نوێژی جەژن کە لە دیاربەکر ئەنجامی دا و لەکاتی هاتنە دەرەوەی، لێدوانی بۆرۆژنامەنووسان داو پیرۆزبایی جەژنی لەهەموو لایەک کرد و ئاشکرای کرد کە بەهۆی توندوتیژییەکانی ناوچەکەوە، تامی جەژن نەماوە و گوتی: "ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەگەر بێتو لەسەر پەیامی جەژن کە ئاشتی و خۆشگوزەرانییە کار بکەین، ئەوا هەموو رۆژێکمان جەژن دەبێت، با جەژنی قوربان ببێتە ئامرازێک بۆ ئاشتی لە ناوچەکەمان و جیهاندا".
دەمیرتاش لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە کەمپینی هەڵبژاردنی پارەتەکەیدا لەژێر ناوی "گەلێک و خوایەکمان هەیە" و هیوای خواست کە سەرکەوتووبن تێیدا و ئەوانەشی ئامرازەکانی زوڵم بەکاردەهێنن، لەرابردووشدا دۆڕاون و لە داهاتوشدا دەدۆرێن، تەنیا تورکیا دەیباتەوە.
لەبارەی هەڵوەشاندنەوە یان تێکەڵ کردنی هەندێک لە سندوقەکانی دەنگدان بەهۆی کێشەی ئەمنیەوە، دەمیرتاش گوتی: "دەشێت ٣ بۆ ٥ سندوق کێشەی ئەمنیان هەبێت جگە لەوە هیچ کێشەیەکی ئەمنی نییە، ئەوەی دەخوازێت، دەتوانێت بچێتە سەر سندوقەکە و دەنگی خۆی بدات. هەرکەسێکیش دێت و دەڵێت هەدەپە بەزۆر دەنگ بە ئێمە دەدات و فشارمان لەسەر دەکات، تکایە با بێتە لای ئێمە، پێش هەموو شت داوای لێبوردنی لێ دەکەین، هەموو شتێک لەدەستمان بێت بۆی دەکەین تاکو بە ئازادانە دەنگی خۆی بدات. ئێمە دەنگی ترس وەرناگرین، با ناحەقی بەرامبەر دەنگدەر نەکەن، کەس چەکی بەکارنەهێناوە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بەڵام ئەمانە دەخوازن بەبیانووی ئەوەی هەدەپە هەڕەشە دەکات، ئۆپەراسیۆن بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان ئەنجام دەدەن".