واشنتۆن
ھاسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراتی- بەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش، لەمیانی کۆڕێکدا لەسەر ڕۆڵی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە نوێنەری بەدەپە لە ئەمریکا سازیکردبوو، باسی رەوشی چارەسەری پرسی کوردی کرد لەتورکیا.
دەمیرتاش سەرەتا روونیکردەوە ئێستا قۆناغی چارەسەری توشی جۆرێک لە ئاستەنگی ھاتووەو زۆر بە ھێواشی بەڕێوە دەچێ، ئەگەر حکومەت ھەنگاوێکی جدی بنێ ئەوا دەکرێ قۆناغەکە خێراییەکی دیکەی پێ بدرێ.
دەمیرتاش گوتی: "لە قسەکانی ئەردۆغان وا دەردەکەوێ کە خێری ئاشتیمان پێبکەن، ئاشتی و ئازادی بۆ کورد لوتف و کەرەمی ھیچ کەسێ نییە. ئەگەر کورد نەخشە رێی چارەسەری بۆ ئاشتی پێشکەش کردبێ ئەوا بۆ بەھێزبوونی زیاتری تورکیایە نەک بێ ھێزکردنی، گرنگە ئیرادەیەک ھەبێ بۆ مانەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ، دەبێ لە چواردەوری پرۆژەیەک کۆبینەوە بە ئامادەبوونی لایەنی سێیەم وەک چاودێر. بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئامادە نییە و ھەر جارەو بیانوویەک دەھێنێتەوە بۆ راکردن لە مێزی گفتوگۆ."
دەمیرتاش ئاماژەی دا بە ھێواشی بەڕێوەچوونی قۆناغی چارەسەرو و گوتی: "سەرەتا زۆر بە خێرایی بەڕێوەچوو، دواتر کەمێ ھێواش بووەوە. ئێستا وەکو ئەوەی بە ھەورازێکدا سەرکەوێ، قۆناغەکە بەڕێوە دەچێ و بۆ تێپەڕین لەم قۆناغە حکومەت دەتوانێ ھەنگاوێکی جدی بنێ بۆ بۆ نموونە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان بەڕووی دەرەوەدا دەکرێ ھۆکارێکی باشبێ بۆ دووبارە خێرا کردنەوەی قۆناغی چارەسەر."
لەبارەی سوریاوە سەڵاحەدین دەمیرتاش باسی لە چەندین گۆڕانکاریی کرد و گوتی: "ئەوەی گروپە جیھادییەکان لە ناو سوریا دەیکەن بەناوی ئۆپۆزسییۆنەوە، قابیلی قەبوڵ نییە، ھیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەو گروپانە کە کردەوەی تیرۆریستی و کوشتوبڕی خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدەن ھەروەکو ئەوەی لە رۆژئاوا ئەنجامی دەدەن."
دەمیرتاش بێ ئەوەی ناوی ئەو دەوڵەتانە بێنێ کە ھاوکاریی ئەو گروپانە دەکەن گوتی: "دەکرێ ئێستا ئەو دەوڵەتانە سوود لە ھاوکارییکردنی ئەو گروپە رادیکاڵانە ببیین بەڵام دوایی دەبنە بەڵا بۆ ھەموو لایەکمان. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاریکاریی بۆ سوریا دەنێرێ بەڵام ئەو ھاوکارییانە لە ڕێی تورکیا وە تەنیا دەدرێتە ئۆپۆزسیۆنی سوریاو کوردانی لێ بێبەش دەکرێت، دەبێ ھەرچی زووترە ئەو ئابڵوقەی خراوەتە سەر کوردان لە ڕۆژئاوا ھەڵبگیرێ."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەمیرتاش ئاماژی بە گوتەکانی ئەحمەد داود ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد کە تێیدا کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی بەڕووی ڕۆژئاوادا بەست بووەوە بە ڕۆڵی پەیەدە لە ناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا و شەڕکردنی پەیەدە لەدژی ڕژێمی سوریا، دەمیرتاش لەو بارەیەوە گوتی: "ناکرێ ئەو دکتۆرانەی لە رۆژئاوا بە بێ بەنج نەشتەرگەریی دەکەن چاوەڕێی بە دیھێنانی ئەو مەرجەی تورکیا بن یان ناکرێ منداڵێک بمرێ لە برسا تاکو ئەوەی مەرجەکەی بەڕێز داودۆئۆغڵو جێبەجێ دەکرێ."