سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراتی- بەدەپە لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە ناوچەی لیجە- پارێزگای دیاربەکر گوتی: لەم ناوچەیە زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک بێ ئیشوکارن، بەڵام دەوڵەت بەشی زۆری پارەکەی لە کەرتی سەربازییدا خەرج دەکا.
دەمیرتاش لەو بارەیەوە گوتی: "تائێستا ئەو خەرجیانەی لە لایەن حکومەتەوە بۆ کەرتی سەربازیی لەناوچەکە تەرخانکراوە، زۆر لەو بودجەیە زیاترە کە بۆخزمەتگوزاری شارەکە دابینکراوە. هیوادارین لە هەڵبژاردنی ٣٠ ئازار ئەنجامی تەواو دڵخۆشکەر بەدەست بێنن تا دوای هەڵبژادن، بە رەسمی داوای لابردن و نەهێشتنی هەموو وەبەرهێنانێکی سەربازیی لە ناوچەکەدا بکەین."
هاوسەرۆکی بەدەپە بەشێکی قسەکانی تایبەت کرد بە قۆناغی ئاشتی لە تورکیا و گوتی: "ئەگەر بمانەوێ قۆناغی ئاشتی بەرەو پێش بچێ، ئەوا ئەم هەموو وەبەرهێنانە سەربازییە چییە لە ناوچەکەدا هەیە؟ نابێ ئەوەندە بنکەی سەربازیی هەبن. ئەگەر بڕیارە گەنجانمان لە شاخ بێنە خوارەوە و زیندانەکان چۆڵ بکرێن، ئەوا دەبێ پێکەوە ئامادەکاریی بۆ بکەین. لە کاتێکدا دزەکان تەنیا دوو مانگ لە گرتووخانە نەمانەوە، کەچی رۆڵەی ئەم میللەتە نزیکەی ٢٠-٢٥ ساڵە لە گرتووخانەدا هێڵراونەتەوە. هێشتا بە هەزاران هاوڕێمان لە ناو ژوورەکانی زینداندانن ئەگەر ئاشتی سەرتاسەریتان دەوێ، ئەوا دەبێ هەموو ئەمانە چارەسەر بکرێن."
بۆ وەرگرتنی وردەکاریی زیاتر (ھەواڵ، وێنە، ڤیدیۆ) ببن بە ئابوونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.