Ramal Mahmood
28 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2016
- لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە
- پارێزگاری مەڕەش وەعدەدین ئۆزکان، سەرۆکی گەورە شارەوانی مەڕەش فاتیح محەمەد ئەرکۆچ، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی مەڕەش موستەفا ئالتنۆک و قایمقایمی ئەلبیستان تونجای ئاککۆیون ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوەن و لە پاڵاوگەی ئاو خەریکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونن.
لەبارەی دەنگۆی "ژەهراویبوونی ئاوی خواردنەوە" لە شارۆچکەی ئەلبیستان-ی پارێزگای مەرەش، لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە.
بەپێی راگەیەندراوی شارەوانی مەڕەش، هەر یەک لە پارێزگاری مەڕەش وەعدەدین ئۆزکان، سەرۆکی گەورە شارەوانی مەڕەش فاتیح محەمەد ئەرکۆچ، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی مەڕەش موستەفا ئالتنۆک و قایمقایمی ئەلبیستان تونجای ئاککۆیون ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوەن و لە پاڵاوگەی ئاو خەریکی بەدواداچوونن بۆ ئەم پرسە.
پارێزگاری مەڕەش وەعدەدین ئۆزکان ئاماژەی بەوەدا کە لە دوێنێوە بنکەکانی تەندرووستی بە چڕی سەرقاڵی چارەسەرکردنی نەخۆشەکانن، گوتی: "بەپێی زانیارییەکان، زۆربەی نەخۆشییەکان تووشی سەرسووڕان، سکچوون بوون. ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنی وردین بۆ چۆنێتی کووڵاندنی ئاوی خواردنەوەکە. ئێمە یەکسەر لەگەڵ بنکەی دۆخی لەناکاوی پارێزگا و بنکەی دۆخی لەناکاوی شارۆچکەکە کۆبووینەوە. تیمەکانی وەزارەتی تەندرووستیش هاتوون. هەروەها سەرۆکی شارەوانی، قایمقایم، کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆ بەمەبەستی زانین و دیاریکردنی سەرچاوەی کێشەکە هاتووین و لە نزیکەوە بەشێوەیەکی چڕوپڕ لە کارەکانمان بەردەوامین. لە میانەی بڕیاردانی بنکەی دۆخی لەناکاو پسپۆڕ و داو و دەرمانی پێویست لە شاری مەڕەشەوە گەیەنراوەتە ئەلبیستان".
سەرۆکی گەورە شارەوانی مەڕەش فاتیح ئەرکۆچ، ئاماژەی بەوەدا کە نازانێت کێشەکە لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت و بەمەبەستی زانینی سەرچاوەکی کێشەکەش بەردەوامن لە پشکنین و بەدواداچوونەکانیان، گوتی: "هەوڵەکانمان بەچڕی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی چی زووە سەرچاوەی کێشەکە بدۆزینەوە. بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بە دەست نەبوونی ئاوەوە نەناڵێنن، وەکو شارەوانی ئاوی ئامادەکراو بەسەر ماڵان دابەش دەکەین. لەگەڵ کارگەکان قسەمان کردووە. تاکو هۆکاری ئەم کێشەیە نەدۆزرێتەوە بەشێوەیەکی چڕ بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان. رێنماییمان بۆ هاووڵاتیان ئەمەیە، کە ئاوی ماڵەوەیان بکوڵێنن ئینجا بەکاری بێنن، یاخوود ئەم ئاوە بەکاربێنن کە شارەوانی دابەشی دەکات بەسەریاندا. بەردەوامیش دەبین لە لێپرسینەوەکانمان ئەگەر کێشەکە بەهۆی کەمتەرخەمی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆوە بووبێت، بەقورسترین شێوە سزایان دەدەین".
- سەرۆکایەتی داواکاری کۆماری دەستیکردووە بە لێپێچینەوە
ئەرکۆچ ئاماژەی بەوەدا، کە لەمبارەیەوە سەرۆکایەتی داواکاری کۆماری دەستیکردەوە لێپێچینەوە، گوتیشی: "ئەگەر کەمتەرخەمییەک هەبووبێت، ئەوەی پێویست بێت لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار ئەنجامی دەدەن. با خەڵکی ئەلبیستان لەمە دڵنیا بێت".