ئەنقەرە
سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای تورکیا لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند شۆفێر و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێک کە بە قاچاخ لەسەر سنووری تورکیا و سوریا پەڕیونەتەوە، دوای ئاگادارکردنەوەیان تا بوەستن، پاسەوانی سنوور تەقەی لێکردوون، لەئەنجامدا شۆفێرەکە کۆنتڕۆڵی لەدەست داوەو کەوتۆتە چاڵێکەوە، دواتر شۆفێرەکە کە بەڕەگەز سوریە لەگەڵ ھاوڵاتیەکی بەڕەگەز تورکی کە لەگەڵیدا بووە و بەو تەقەیە بریندار بووە، دەستگیر کراون.
لەو ڕوونکردنەوەیەدا کە لە سایتی رەسمیی سەرۆکایەت ی ئەرکانی سوپای تورکیادا بڵاو کراوەتەوە، ھاتووە: لەسەر خاڵی سنووری کیلیس گولبابا ئەفسەرێکی جەندرمەی تورکی وەک ئاگادار کردنەوە تەقەی لە ئۆتۆمبێلێک کردووە کە بەقاچاخ پەڕیوەتەوە، دواتریش کەسەکان دەستگیر کراون.
لەو ڕوونکردنەوەیەدا ئاماژە بەوە کراوە پاش تەقەکردنەکە شۆفێرەکە خۆی کردووە بە چاڵێکدا و لەئەنجامدا ھاوڵاتیەکی بەرەگەز تورک کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە فیشەکێک بەر سمتی کەوتووە و بریندار بووە.
لە بەشێکی تری ڕوونکردنەوەکەی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای تورکیادا ئاماژە بە چالاکیەکانی سەرسنوور کراوەو ئاماژە بەوە کراوە، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی سنورەکان ٤ فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ بەسەر ئاسمانی سنووری تورکیا -سوریادا فڕیون، ھاوکات ٢ کەشتی جەنگی کۆنتڕۆڵی ڕێگەی دەریایی سەر سنووری تورکیا دەکەن.