Kosar OSMAN
08 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2015
ئەنقەرە
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وا پێشبینی دەکرێت پرسی راهێنانی سەربازیی عێراق لەلایەن تورکیاوە لە نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ بکرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی کردووە تورکیا لەمەڕ پاراستنی ناوچەکە لە مەترسیی داعش و بەرەنگاربوونەوەی ئەو رێکخراوە کەمپێکی دامەزراندووە و ماوەی ساڵێکە راهێنانی سەربازی بەڕێوەدەبات و ئەوەی لەدەستی بێت بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامی دەدات.
بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا زیاتر لە 5 هەزار عێراقی راهێنانی سەربازیی ئەنجام داوە و سوودێکی زۆری لە کۆمەکی سەربازی بە حکوومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان گەیاندووە. وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە ئەم هەنگاوەی تورکیا نیشانەی وەدەنگهاتن و بوونی هەڵوێستە لەمەڕ داگیرکرانی خاکی دراوسێکەی لەلایەن رێکخراوێکی تیرۆرستییەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نووسیویەتی: "لەکاتێکدا تورکیا وەک هاوپەیمانێک هاتووەتە پێشەوە و لە ساڵی رابردووەوە کەمپی راهێنانی سەربازیی لە بەعشیقە کردۆتەوە، گونجاو نییە بە دابەشکاری خاکی عێراق ناوی ببرێت. ئەوە خۆی لەخۆیدا پاراستنی یەکڕیزی و یەکپارچەیی ئەو خاکەیە. ئێمە خاوەن پەیوەندییەکی دۆستانەین لەگەڵ عێراقدا و دۆستایەتیمان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا دووپات کردووەتەوە".
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە تورکیا وەک وڵاتی دۆست و دراوسێ بەردەوام دەبێت لە کۆمەک و هاوکاریکردنی عێراق و داعش بە دوژمنی هاوبەشی هەردوولا وەسف دەکات.
جێی باسە لە چەند رۆژی رابردوو و بەهۆی هێنانی زیاتر لە 20 تانک لەلایەن تورکیاوە و جێگیرکردنیان لە بەعشیقە گرژی لە نێوان حکوومەتی بەغدا و تورکیا دروست بوو.