Zana Natık Kerem
19 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2023
ھەولێر ــ AA
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق نزیک لە حەشدی شەعبی ڕایگەیاند کە ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کردووە کە ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەمریکای تیایدا جێگیرکراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە لە ماڵپەڕێکی نزیک لە حەشدی شەعبی بڵاوکراوەتەوە تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، چەکدارانی سەربە مقاوەمەی ئیسلامی کە ژمارەیەک گرووپی چەکداری شیعە لەخۆدەگرێت، ژمارەیەک مووشەکیان ئاراستەی بنکەی عەین ئەسەد کردووە کە ھێزەکانی ئەمریکای تیایدا جێگیرکراون.
باسی لەوەیش کردووە کە ھێرشەکە بە وردی ئامانجەکەی پێکاوە.
ھاوکات ميدياى ئەمريكى لە ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمنی گواستووەتەوە کە بە ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کراوەتە ئامانج.
بە گوتەی سەرچاوەکان، لەگەڵ ھێرشەکەدا، دەنگی تەقینەوە لەناو بنکەکەدا بیستراوە.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ میدیاکانی عێراق ئاشکرای کردووە کە بنکەی عەین ئەسەد نزیک ناحیەی بەغدادی ، بە مووشەکی "گراد" کراوەتە ئامانج.
سەرچاوەکە راشیگەیاندووە کە لە دوای ھێرشەکە، ھێزە ئەمنییەکان، دەروازەکانی ھاتن و چوونیان بۆ بنکەی عەین ئەسەد داخستووە، ھەروەھا ھێزیکی دیکەی ئەمنی ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەکە بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ھێرشەکە دەست پێکردووە.
بەپێی زانیارییەکان، ھێزە ئەمنییەکان لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەستیان بەسەر ئەو سەکۆیەدا گرتووە کە مووشەکەکانی لێوەی ئاراستەکراوە.
بەڵام تا ئێستا ھیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی ھێرشەکە بڵاونەکراوەتەوە.
تا ئێستا حکوومەتی عێراق، ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ھیچ ڕاگەیاندراوێکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) ڕایگەیاندووە، هەڕەشەکانی هێرشکردنە سەر بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، لەناوبراون.
ناوە ناوە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەکرێن، بێ ئەوەی ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لەبارەی ھێرشەکانەوە رابگەیەنێت.
بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەکەوێتە رۆژئاوای شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبارو یەکێکە لەو بنکانەی کە ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەمریکای تیایدا جێگیرکراون.