سەرۆکی بەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش لەگوتەیەکیدا لەکۆبوونەوەی پارتەکەی لەژێر ناونیشانی "سڵاو لە رۆژئاوا" لە شارەدێیی جزیرەی سەر بەپارێزگای شرنەخ گوتی: "سەرجەم ئەو ھاوکارییە مرۆییانەی لە سەرتاسەری جیھانەوە بۆ سوریا رەوانە دەکرێ، رێگری لە ناردنیان بۆ ناوچەی باکوری سوریا واتە رۆژئاوا دەکەن."
لەبارەی ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیش دەمیرتاش رایگەیاند "پێویستە لێپێچینەوە لە دادگاش بکرێ."
دەمیرتاش گوتی: "پێویستە دادگا پاک بکرێتەوە، ھەروەھا حکومەتیش، لەبەرئەوە ئێمە دەزانین ھەردوو لایەنەکە لە تاوانەکە گلاون، لەوانەی بەناوی جەماعەتەوە رەفتار دەکەن دەپرسین، ئایا ئاکەپە یان لایەنگرانی ئاکەپە ساڵی رابردوو ئەو کارە دزیەیان ئەنجام داوە؟ ئایا یەکەم جارە ئەوە دەبیستن؟ نەخێر. چەندین ساڵە ئەو کارە بەیەکەوە ئەنجام دەدەن، ئێستا شەڕی دابەشکردنی قازانج دەستی پێکردووە، بەو ھۆیەوە لە یەکتر توڕە دەبن، یەکێکیان لەوەی تر پاک و راستتر نییە، پێویستە ھەموویان باجی گەل بدەنەوە، ئێمە دەبێ لەم خاڵەدا بوەستین، ئەگەر بەڕاستی حکومەت عاشقی دیموکراسییە، بەراستی دیموکراسی دەوێ، سیاسەتی پاک ئەنجام دەدا، ئەو رێگایە روونە، دەبێ خۆی بۆ پشکنینەکان بکاتەوە، ئەگەر گەندەڵی پەردەپۆش بکەیت ئەوا کۆتاییت دێ، ئەگەر لە حسابی دەوڵەتی ھاوتەریب نەکۆڵیتەوە ھەر کۆتاییت دێ، ئەگەر سەرۆکوەزیران نایەوێ زیان بەکۆمەڵگا و گەل بگەیەنێ دەبێ دەست و برد بکا."
دوای پێشکەشکردنی گوتەکانی، لەگەل گروپەکەی تا سنوری سوریا رۆیشت، ھەندێ لە لایەنگری بەدەپە بەربەستی پۆلیسیان شکاند و بەرەو سنور ھەنگاویان نا.
لەو کاتەدا ھێزەکانی پۆلیس بەزمانی کوردی و تورکی ھاوڵاتیانیان ئاگادار کردەوە کە نەچنە ناو ئەو زەوییە مینڕێژانەوە.
دەمیرتاش لێرەدا روونکردنەوەیەکی دا، "پێویستە رێگە بە بازرگانیی سنور و ھاوکارییە مرۆییەکان بدرێ، ھەروەھا پێویستە پێداویستیی لێقەوماوانی ئەو ناوچانە دابین بکرێ، ئەو سنورانە سنوری دەستکرد و ساختەن، وەک ئەوەی لە ئەوروپا سنورەکان شکێنرا، ئەمرۆ لەنێوان وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سنور شکاوە، بۆ ئاشتی و برایەتی ئەمرۆ لێرە ئامادەین."