دیاربەکر
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا، سەرجەم پارتە سیاسییەکان خەریکی ئامادەکاریین لەو بارەیەوە.
پێشتر پارتی ئاشتی و دیموکراتی - بەدەپە رایگەیاندبوو بەبۆنەی سیستمی کۆتا بۆ ئافرەتان سەرۆکایەتی یەکێك لە شارە گەورەکان بۆ ئافرەت تەرخان دەکات.
حەفتەی رابردوو سەرۆکی شارەوانیی گەورەی دیاربەکر عوسمان بایدەمیر بۆ AA ئاشکرایکرد ئەو جارێکی دیکە خۆی ھەڵنابژێرێتەوە بۆ سەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر و بەدەپە ئافرەتێک کاندید دەکات.
لەسەر ئەو قسەیەی بایدەمیر گفتوگۆ لەبارەی دەستنیشانکردنی کاندیدێکی ژن لەناو بەدەپە دەستیپێکرد، لەو بارەیەوە زوبەیدە زمڕود کە ئێستا سەرۆکی بەدەپە یە لەپارێزگای دیاربەکر، پالێوراوە بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانیی دیاربەکر.
زمڕود لە لێدوانێکدا بۆ AA گوتی: "بەدەپە کاندیدێکی ژن بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی دیاربەکر دەستنیشان دەکا، پێویستە ئەو کەسەش لەنێو پارێزگای دیاربەرکر دەستنیشان بکرێ، چونکە ئەو کەسە دەتوانێ کێشەو گرفتەکانی خەڵکی شارەکە چارەسەر بکات و بچێ بەدەم داواکارییەکانیانەوە، ئەگەر ھەڵبژێردرێم بۆ سەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر ئامانجم خزمەتکردنە بە خەڵکی شارەکە، ماوەی سەرۆکایەتم بۆ شارەوانی بەرز کردنەوەی ئاستی زانیاریی ژنان و بەرەو پێشبردنی پارێزگای دیاربەکرە."