ئەنقەرە
پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری جەھەپە لەڤەنت گۆك گوتی: "ئاشكرا نەكردنی بەرپرسانی كۆمەڵكۆژییەكەی رۆبۆسكی ئەوە دەسەلمێنێ كە دەستی بەرپرسانی دەوڵەت لە كۆمەڵگوژیەدا هەیە."
لەڤەنت گۆك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی توركیا گوتی: "دوو ساڵ بە سەر كۆمەڵكۆژییەكەی رۆبۆسكیدا تێپەڕی كەچی تا ئێستا تەنانەت یەك بەرپرسیاری ئەو كۆمەڵكۆژییە ئاشكرا نەكراوە. حكومەت ھەمیشە ھەوڵی لە ناوبردنی بەڵگەكانی ئەو رووداوانەی داوە كە پەیوەندییان بە حكومەتەوە ھەیە، لە بارەی رۆبۆسكیشەوە لە كاتی ئامادەكردنی راپۆرتی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پەرلەمان لە سەر ئەو رووداوە، هەڵوێستی حكومەتیان نەبینی. ئەندامانی ئاكەپەی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پەرلەمان ویستیان سەرپۆشێك لە سەر ئەو رووداوە دابنن، بۆیە ئێمە بۆ خۆمان وەكو جەھەپە راپۆرتێكی دیكەمان لە بارەی رۆبۆسكییەوە ئامادە كرد. ئەندامانی ئاكەپە داوای ئەوەیان دەكرد مادەیەك لە سەر ئەو راپۆرتە زیاد بكرێ كە تێیادا بنووسرێ دوو ئەندامی پەكەكە لە نێو ئەو ٣٤ كەسەدا بوون. بەو جۆرە دەیانویست شەرعیەت بەو كۆمەڵكۆژییە بدەن."
گۆك لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "لە بارەی راپۆرتی فرۆكە بێ فرۆكەوانەكانیشەوە دەیانویست راپۆرتی ئەندامانی ئاك پارتی بخرێتە بەردەست و ویستیان بە رای گشتی بڵێن ئەوانەی كە مردوونە ئەندامی پەكەكە بوون."