Barış Gündoğan
14 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2025
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "چاوەڕوانین بەڕێز ترەمپ ئەو بەڵێنەی پێش هەڵبژاردن دای بەجێبگەیەنێت. پێویستە هەنگاوگەلێک بنێت ئاشتیی بنیات بنێت، نەک جەنگێکی نوێ بنێتەوە. لەم ناوچەیەدا هیچ بوارێک نییە بۆ ئەو ڕێبازەی دەڵێت من کردم بۆیە ڕوویدا".
دوای سەردانی هەریەک لە وڵاتانی مالیزیا، ئیندۆنێزیا و پاکستان، سەرکۆمار ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی بۆ تورکیا لە نێو فڕۆکەکەیدا هەڵسەنگاندنی بۆ پرسەکانی ڕۆژەڤ کرد و، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
سەرکۆمار ئاماژەی بەوە کرد سەردانەکەی بۆ هەر یەک لە مالیزیا، ئیندۆنێزیا و پاکستان کە لە ١٠ی شوباتدا دەستیپێکرد تەواو کردووە و، ڕایگەیاند: "پێشوازی بێ وێنەی ئەم سێ وڵاتە دۆست و برایە کە هەریەکێکیان بەلای ئێمەوە گرنگییەکی جیایان هەیە زێدە دڵخۆشی کردین".
سەبارەت بە غەززە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "غەززە ئازارێکە لە دڵماندا. غەززە برینێکە لەناخماندا. بە گیان تێدەکۆشین بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارە و ساڕێژکردنی ئەو برینە. بەداخەوە هێشتا جیهانی ئیسلامی نەیتوانیوە هەنگاوێکی بە کۆمەڵ لەو بارەوە بنێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان لە بارەی هەڵوێستی ئەمریکا لە بارەی غەززە، رایگەیاند: "باوەڕکردن بەدرۆی زایۆنیستەکان و یاریکردن بە ڕێکخستنەکانی ئەم جوگرافیایە جگە لە کولانەوەى برینەکانی ئێستا هیچ سوودێکی دیکەی نییە. ئەم ڕێگایە ڕێگایەکی هەڵەیە. باوەڕکردن بە گوتەکانی ناتانیاهو کە هێشتا پرۆسەی دادگاییکردنی لە ولاتەکەیدا درێژەی هەیە، جگە لەوەی خوێنڕێژی لە ناوچەکە دروست دەکات هیچ سوودی دیکەی نییە".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین ڕایگەیاند: "پشتیوان بە خودا ئەگەر ئەنجامێک لەم کۆبوونەوەیە وەرگرین کە بە نیازباشی چاوەڕوانی دەکەین، ئەوا جیهان هەنگاوێکی زۆر جیاوازتر دەنێت".
گوتیشی: "بەداخەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا حساباتێکی ھەڵە لەبارەی ناوچەکەمانەوە دەکات. پێویستە ھەڵوێستێکی نەبێت کە مێژوو و بەھا و ئەزموونەکانی ئەم جوگرافیایە پشتگوێ بخات".
سەبارەت بەو بەڵێنانەی سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ کە پێش هەڵبژاردنەکان دای، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "چاوەڕوانین بەڕێز ترەمپ ئەو بەڵێنەی پێش هەڵبژاردن دای بەجێبگەیەنێت. پێویستە هەنگاوگەلێک بنێت ئاشتیی بنیات بنێت، نەک جەنگێکی نوێ بنێتەوە".
سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "پێویستە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لەوە تێبگەن کە لە سووریادا شوێنیان نییە. ئەگینا سڵ ناکەینەوە لە هەنگاونان بۆ ئەوەی ئەم ڕاستییەیان تێبگەیەنین".
گوتیشی: "هەلی مانەوە و چانسی ژیانمان نەداوە و نادەین بەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانەی لە باکووری سووریا هەڕەشەن بۆ سەر ولاتەکەمان".
هەر پەیوەست بە بوونی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە سووریادا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئاراممان نییە بەرامبەر ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان. کاتێک هەنگاو دەنێین بۆ چارەسەری پرسەکە دەرفەت نادین بە کەس سەرقاڵمان بکات و کاتمان بەفیڕۆ بدات".
سەرکۆمار ئەردۆغان، دەربارەی دۆخی جەهەپە ڕایگەیاند: "نازانین خەنجەر بەدەست کێوەیە و لە پشتی کێ دەدات. ئەمە کێشەی ئەوانە. ئایا لووتکەکانی زووم ئەنجام دەدرێت، نازانم کێ لە کێ دەدات و چۆنیش لێیدەدات".
پەیوەست بە پرسی هەڵبژاردن لە تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئێمە ڕۆژەڤ و کێشەیەکی وەک 'هەڵبژاردن'مان نییە. ئەمانە دەخەون و هەڵدەستن هەر دەڵێن 'هەڵبژاردن هەڵبژاردن'. باشە بۆچی؟ لە تورکیادا کێشەیەکی لەم شێوەیە بوونی نییە".
گوتیشی: "(جەهەپە) ئێستاش لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکاندا مێزی سێ قۆڵیان داناوە. بابزانین ئەنجامەکەی چی دەبێت؟ وا دیارە لەسەر مێزەکە ئەو سێ کەسە دەستیان کردووە بە یەکترخواردن.
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕەخنەی لە جەهەپە گرت و، رایگەیاند: "لە ئەنقەرە بەهۆی قوڕەوە ڕێ ناکرێت. بەهۆی سەگی بێلانەوە ژیان نەماوە. لە ئیستانبوڵیش هەروەها. لەکاتێکدا هاووڵاتی چاوەڕوانی خزمەگوزاریە ئەوان دوای خۆشگوزەرانی سیاسی کەوتوون".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە هەوڵەکانی بەدیهێنانی دەستووری نوێ کرد و، ڕایگەیاند: "دەستوورێکی مەدەنی کە ئاشتەوایی، یەکگرتوویی، ئازادیی فەراهەم بکات و گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بگرێتەوە، یەکێکە لە ئامانجە بنەڕەتییەکانمان".
ڕاشیگەیاند: "زۆر گرنگە پێش هەڵبژاردن بۆچوونی پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگە لەسەر پرۆسەی دەستوورێکی نوێ بخرێتەڕوو".
دەربارەی کاری وەبەرهێنانی دوو کۆمپانیای چین لە تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "دروستکردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە لە مانیسا و سامسون کەشێکی زۆر جیاواز لە کەرتی ئۆتۆمبێلدا لە تورکیا دێنێتە ئاراوە".