Zafer Çakmak
24 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2022
ئەنقەرە – AA
وابڕیارە شورای باڵای سەربازیی تورکیا لە سەرەتای مانگی ئابی داهاتوودا بە سەرۆکایەتی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئابدا لە کۆشکی کۆماریی کۆبوونەوەی شورای باڵای سەربازیی تورکیا ئەنجام بدرێت و تیایدا بەرزکردنەی پلە سەربازییەکان، درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکەکان، خانەنشینکردن و دامەزراندن لە دامەزراوە سەربازییەکان تاوتوێ دەکرێت.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجام دەدرێت و هەریەک لە جێگری سەرکۆمار، فوئاد ئۆکتای؛ وەزیری بەرگریی، خولوسی ئاکار؛ وەزیری داد، بەکر بۆزداغ؛ وەزیری دەرەوە، مەولود چاوشئۆغڵو؛ وەزیری ناوخۆ، سولەیمان سۆیڵو؛ وەزیری گەنجینە و دارایی، نورەددین نەباتی؛ وەزیری پەروەردە، مەحمود ئۆزەر؛ سەرۆکی ئەرکانی سوپا، یەشار گولەر؛ فەرماندەی هێزە وشکانییەکان، موسا ئاڤسەڤەر؛ فەرماندەی هێزە دەریایییەکان، عەدنان ئۆزباڵ و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکان، حەسەن کوچوکئاکیوز بەشداری تیادا دەکەن.
بۆ یەکەم جار وەزیری گەنجینە و دارایی، نورەددین نەباتی و وەزیری پەروەردە، ئۆزەر و ئاڤسەڤەر کە ساڵی رابردوو کرا بە فەرماندەی هێزە وشکانییەکان بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا دەکەن.
بەرلە کۆبوونەوەی شورای باڵای سەربازیی، ئەندامانی شورا بە سەرۆکایەتی سەرکۆمار ئەردۆغان هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، سەردانی مەزاری مستەفا کەمال ئەتاتورک دەکەن.
لە کۆبوونەوەی شورای باڵای سەربازییدا، بەرزکردنەی پلە سەربازییەکان، درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکەکان، خانەنشینکردن و دامەزراندن لە دامەزراوە سەربازییەکان تاوتوێ دەکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەها وابڕیارە دۆخی فەرماندەی هێزە دەریایییەکان، عەدنان ئۆزباڵ و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکان، حەسەن کوچوکئاکیوز کە ساڵی رابردوو ماوەی ئەرکەکانیان بۆ ساڵێک درێژ کرایەوە، تاوتوێ بکرێت.