عەبدولڵا گول سەركۆماری توركیا بووە میوانی بەرنامەی (باسن كولوبو) لە كەناڵی تەلەفزیۆنی خەبەر تورك.
گول دەربارەی دادگای دەستووری كە دەڵێت مافی پێنج پەرلەمانتار پێشێڵكراوە دەڵێ، لە دەوڵەتی یاسایی و دیموكراتی، بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان لەیەكتری كاری پێدەكرێ، بەڵام لەھەمان كات پێویستە دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەری لەنێوان خۆیان ھەماھەنگ بن.
گول گوتی:" سەربەخۆیی و بێلایەنی دادگا زۆر گرنگە. بۆ ئەمە پێویستە دادگا لە پێشدا لەناو دەزگاكانی خۆی گرانی خۆی و بێلایەنی خۆی بەبێ بیركردنەوەی دیكە بپارێزێت و بەم شێوەیە بجوڵێتەوە. لەم چوارچێوەیە زۆر خۆشحاڵم بە بڕیارەكانی دوایی دادگایی دەستووری. لە رابردووش گووتم، ئەوەی لەھەمووی زیاتر خۆشحاڵی كردم دەركردنی ئەو بڕیارانەیە بە كۆی دەنگ. بە داخەوە ئەمڕۆ چەندین كێشە دەبینین. جا ئەگەر پەیوەست بێ بەو دادگایەی سەربازەكانی لێ دادگایی دەكرێن، یان پەیوەست بێ بە دۆسیەكان، یان دوا بانگەشەكان بن دەربارەی مەسەلەی گەندەڵی یان داوا سیاسیەكان بن. بۆیە بە دڵنیایی دەڵێم ئەو دەزگایەی نابێ لە بابەتیبوون دوور بكەوێتە دەزگای دادوەریە."
گول دەربارەی پرسیاری رۆژنامەنووسێكی بەشداربووی بەرنامەكە كە دەڵێ لە وەڵامەكانت تێدەگەم كە لەوبارەیەوە كێشەیەك ھەیە، گوتی: "راستیەكەی ئەوەیە گفتوگۆ دەكەن، قسە دەكەن. لەوبارەیەوە گفتوگۆ دەكەن. دەبێت لەبیری نەكەین، ئەو شوێنەی ھەڵەی ئیداری راست دەكاتەوە، ئەو شوێنەی ھەڵەی سزادان راست دەكات، دادگاكانن. رێگای تانەدان لەو بڕیارانەی ھەیە كە دادگاكان دەریدەكەن، ئەویش دادگا باڵاكانن. پێویستە ئەوانە وەكو سێبەر بیریان لێنەكرێتەوە. پێویستە ھیچ دوو دڵ نەبن. دەستەواژەیەكی پێشینان ھەیە دەڵێ ئەو پەنجەیەی شەریعەت دەیبڕێ ئازاری نیە. پێویستە لە كۆتایی ھەموو كەس ئەوە بزانێ. ئەگەر گوێ لەوە ناگرن لەوبارەیەوە لەچەند دۆسیە كێشە دێتە ئاراوە، گازاندە ھەیە، پێویستە زیاتر وردبین بین."
گول دەربارەی پرسیاری ھەندێك كەسی نزیك لە حكوومەت كە دەڵێن ئەو دادوەرانە سەربەخۆ نینە، لەبەرژوەندی شوێنێكی دیكە بڕیار دەدەن یان باسی دەوڵەت لەناو دەوڵەت دەكەن. ئایا شتێكی لەم جۆرە ھەیە؟ گوتی: " نابێ لەناو دەوڵەت دەوڵەتێكی جیاواز ھەبێ. نابێ لەناو دەوڵەت پێكھاتەی جیاوازیش ھەبێ. ئەگەر دەزگاكانی دەوڵەت مەرجەكانی جێبەجێ بكات بۆ ھەموو ھاووڵاتیانی ئەو وڵاتە كاردەكات. جا ئەمە ئەگەر ھێزە چەكدارەكان بێ، دادوەری بێ، یان دەزگاكانی دیكەی دەوڵەت بێ. بەڵام ئەوانە گوێڕایەڵی دەستوور، یاسا و رێساكانی دەزگاكان دەبن. ئەمە یەكەمین بوو. دووەمین: دەزگاكان لەناو خۆیان ئاگایان لە سیستەمی ھیرارشی دەبێ. نابێ رێككەوتنێكی جیاواز ھەبێ، بێگومان ئەو ھیرارسیە فەرمانی خۆی لە دەستوور و یاسا وەردەگرێ. جگە لەمە نابێ ئەو دەزگایە لە دەرەوە لە شوێنێكی دیكە رێنوێی وەربگرێ. بێگومان لەوبارەیەوە لێكۆڵینەوە لە بانگەشەكان دەكرێ، ئەگەر ھەیە ئاشكرا ببێ و بەبێگومان دەرفەتیان پێنادرێ. بێگومان رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنیان ھەیە. چۆن لە مەسەلەی ئابووری شەفافیەت گرنگە، لەو مەسەلانەش شەفافیەت زۆر گرنگترە. لەمبارەیەوە ئەگەر لەناو دادوەر و دادگاكان شتێكی بەم جۆرە ھەبێ، ئەوا بەرگەی ناگیرێ. بەڵام نابێ لەسەرەتاوە ھیچ كەس تاوانبار بكەین."
گول بەبیری ھێنایەوە كە لە رووداوەكانی دواییدا كەسانێك دەڵێن پێویستە سەركۆمار رۆڵی خۆی ببینێ و ھەنگاو بنێ، لەمبارەیەوە گوتی: "لەكاتی خۆیدا گووتم لە توركیا سیستەمی پەرلەمانی ھەیە. سیستەمی سەرۆكایەتی نییە. سەردەمانێك سەركۆمارەكان بنەمای سیستەمی پەرلەمانیان بە ھەڵوێستەكانیان پێشێلكرد. ئێوەش دەزانن لە توركیا چی روویدا. ئەوانەی چاوەڕێ دەكەن زیاتر لە كارەكەم بكەم، دەخوازن سیستەمێكی جیاواز بێنە ئاراوە واتە دەخوازن سیستەمی سەرۆكایەتی جێبەجێ بكەن."