هەكاری
لە فڕۆكەخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە ناوچەی یۆكسەكئۆڤای هەكاریدا تەنیا لە ماوەی پێنج رۆژدا هەزار و 150 كەس گەشتیان كردووە.
ئەو فڕۆكەخانەیە پێش پێنج ساڵ دەست بە دروستكردنی كراوە و سەرەڕای ئەو ئاستەنگییانەی لە لایەن پەكەكەوە بۆ دروستكردنی دەردەخران، كاری دروست كردنی بە كۆتایی هات و لە لایەن سەركۆمار و سەرۆكوەزیرانی توركیاوە بە فەرمی رۆژی 26ی ئەم مانگە كرایەوە و كەوتە بواری خزمەتكردنەوە.
لەو فڕۆكەخانەیەدا كە لە لایەن هێڵی ئاسمانی توركیاوە هەفتەیەك سێ جار بۆ ئەنقەرە و هەر رۆژ بۆ ئیستانبوڵ گەشت ئەنجامدەدرێت لە ماوەی پێنج رۆژدا 150 هاووڵاتی عێراقی و ئێرانی لەگەڵ هەزار هاووڵاتی ناوچەكەدا گەشتیان ئەنجامداوە و لە نێوان ئەو گەشتیارانەیشدا ئەو كەسە ئێرانی و عێراقییانە هەن كە دەیانەوێت پشووی وەرزی هاوین لە توركیا بەسەر بەرن.
ئۆزدەمیر دەمیرئایاق یەك لەو كەسانەیە كە لە رێگەی ئەو فڕۆكەخانەوە گەشتی كردووە و بە ئانادۆڵو گوتی: "تا یەك هەفتە لەمەوبەر بۆ ئەوەی بە فڕۆكە گەشت بكەم دەبوایا بچمە وان و ئەوەیش كێشە و گرفتی تایبەتی هەبوو، لە سایەی كردنەوەی ئەو فڕۆكەخانەیەدا ئیستانبوڵ بۆ ئێمە لە وان نزیكترە".
روستەم چاكێجی دانیشتووی ناوچەی یۆكسەكئۆڤایە گوتی: "سوپاسی بەرپرسانی دەوڵەت دەكەم كە دەرفەتێكی بەو جۆرەیان بە ئێمەداوە و خزمەتێكی بەو جۆرەی ناوچەكەیان كردووە و لە سایەی كردنەوەی ئەو فڕۆكەخانەیەدا شوێنە دوورەكان بۆ ئێمە نزیك بوونەوە".
فەریبا رەحیمی كە هاووڵاتییەكی ئێرانییە و لە رێگای ئەو فڕۆكەخانەیەوە گەشتی ئەنجامداوە گوتی: "لە شاری تەورێز دەژیم و بە ئۆتۆمبێل تا دەروازەی سنووری ئەسەندەرە هاتوومە و لەوێشەوە لە فڕۆكەخانەی سەڵاحەدین ئەیوبییەوە بەرەو ئیستانبۆڵ گەشت دەكەم".
رەحیمی گوتی: "ساڵانی رابردوو دوای هاتنمان بۆ نێو توركیا دەبوایا تا شاری وان هەر بە ئۆتۆمبێل بچین لەوێ بە فڕۆكە گەشتمان دەكرد، گەشت كردن بە ئۆتۆمبێل زۆر زەحمەتە، بۆیە بە هۆی دەستبەكار كردنی گەشتەكان لە فڕۆكەخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی زۆر خۆشحاڵم و كردنەوەی ئەم فڕۆكەخانەیە بۆ ئێمەیش زۆر باش بوو".