Zahir Sofuoğlu
27 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2022
ئەنقەرە – AA
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون رایگەیاند کە تورکیا بەسەرکردایەتی سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان بووەتە دوورگەیەکی سەقامگیر لە ناوچەکە و جیھاندا.
فەخرەددین ئاڵتون لە میانی کردنەوەی پێشانگای "ساڵە سەختەکان"دا کە لەلایەن کۆمەڵەی ئەنقەرە بۆ رۆشنبیری، ھونەر و شارسانییەت بە پاڵپشتی سەرۆکایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە گەلەری ھونەریی ئەنقەرە رێکخرابوو گوتی: "وێرای ئەو قەیرانانەی کە لە جیھان و ناوچەکەماندا سەریان ھەڵداوە، بەڵام تورکیا بووەتە دوورگەیەکی سەقامگیر لە ناوچەکە و جیھاندا".
ئاماژەی بەوەیش دا کە تورکیا خزمەت بە ئاشتی لەسەر ئاستی ھەرێمیی و جھیانییدا دەکات و گوتی: "ئەنقەرە لە میانی سەردەمی حکوومەتەکانی ئاک پارتیدا، توانیویەتی وێنەی تورکیا لەسەر ئاستی ھەرێمیی و جیھانیی بەرەو باشتر بگۆڕێت".
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون دوای گوتەکانی بە یاوەری رێکخەرانی پێشانگاکە، بەشەکانی پێشانگاکەی بەسەرکردووە.