Abdullah Shukur
31 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2016
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، نومان کورتوڵموش لەبارەی داوای رادەستکردنەوەی سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ، فەتحوڵڵا گولەن گوتی: "رادەستکردنەوەی گولەن بۆ تورکیا یان دەستگیرکردنی بەم زوانە کارێکی زۆر ئاسان نییە، بەڵام دەتوانم بڵێم کە قۆناغەکە خێرا بووە. گەشتەکەی بەرێز بۆزداغ پەیوەندییەکانی ھەردوو لایەنی روونتر کردووەتەوە و قۆناغی رادەستکردنەوەی فەتۆ یان دەستگیرکردنی خێراتر بووە".
کورتوڵموش لەکاتی بەردەوامبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، لێدوانی بۆ راگەیاندنەکان دا.
کورتوڵموش ئاماژەی بەوە دا کە بابەتی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا یەکێک بووە لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمجارە ولەمبارەیەوەش سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا و وەزارەتی ناوخۆ زانیارییان پێشکەش کردووە.
کورتوڵموش جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا بەرەنگاری ھەر سێ رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ، پەکەکە و داعش دەبێتەوە.
جێگری سەۆکوەزیرانی تورکیا راشیگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات لە سووریا بەردەوامە و تورکیاش ھەنگاو بە ھەنگاو لە بەجێگەیاندنی ئامانجەکانی خۆی بەردەوام دەبێت. بەم پێیەش ھەوڵدەدات بۆ پێکھێنانی ناوچەیەکی ئارام بە رووبەڕووی پێنج ھەزار کیلۆمەتر.
لە لایەکی دیکەش کورتوڵموش لە بارەی گۆڕانکاری دەستووریی تورکیا گوتی:" بۆ ئەوەی دەستوور بگۆڕین، پێویستە ھەڵوێستی پارتەکانی دیکە ببینین. لێدوانەکانی بەڕێز باخچەلی دەرگای لەبەردەم ئەم کارە کردووەتەوە، بۆ خێراکردنی مشتومڕەکان و نیازی بەدەستھێنانی ئەنجامێک، روونە. ھەروەھا ئەو ھەڵوێستەی مەھەپە و جەھەپەش نیشانی دەدەن بۆ ئەو ھەنگاوانەی دەیگرنەبەر، ھەم بۆ دیاریکردنی چوارچێوەیەک و ھەمیش بۆ دیاریکردنی بەروارێک گرنگە. ناچینە نێو کارێک کە بە تەنیا خۆمان نەتوانین چارەسەری بکەین".
کورتوڵموش زیاتر گوتیشی: "ئێستا رەچاوی دوو رێگە دەکەین کە یەکەمیان پێشنیاری گۆڕانکاری دەستوورێکی گشتگیرە، واتا ئەمە بە مانای دەستوورێکی نوێ دێت. ئامادەکارییەکی لەو شێوەیەمان کردووە و کارەکان تەواو بووە. ھەروەھا لە ئێستادا پێویست بە ئامادەکرنی پاکێجێکی گشتگیری دەستووریی ھەیە کە پرسە سەرەکییەکان لەخۆ بگرێت. ئەمەش ئامادەکراوە. لە بەردەم ئاک پارتی دوو دۆسیە ھەیە و دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ھەردووکیان ئامادە کراوە".
کورتوڵموش ھەڵسەنگاندنی بۆ پرسی رادەستکردنەوەی سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ لە ئەمریکاوە بۆ تورکیا گوتی: "رادەستکردنەوەی گولەن بۆ تورکیا یان دەستگیرکردنی بەمزوانە کارێکی زۆر ئاسان نییە، بەڵام دەتوانم بڵێم کە قۆناغەکە خێرا بووە. گەشتەکەی بەرێز بۆزداغ پەیوەندییەکانی ھەردوو لایەنی روونتر کردووەتەوە و قۆناغی رادەستکردنەوەی فەتۆ یان دەستگیرکردنی خێراتر بووە".