ئەدەنە
دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری شارەکانی وان، سێرت و شرنەخ کە بە ھۆی شەڕ و توندوتیژی و بێکارییەوە گوندەکانیان چۆڵکردبوو و لە دوڵی چوکورۆڤا سەرقاڵی کرێکاری و جۆتیارین، لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی چارەسەری پرسی کورد دەگەڕێنەوە گوندەکانیان و لە کۆچبەری و ئاوارەیی رزگاریان دەبێ.
ئەو خەڵکانە کە زۆربەیان لە دەوروبەری شرنەخ و سێرتەوە روویان لە دۆڵی جۆکورۆڤا کردووە، سەرەتا بە دروستکردنی خانووی پلاستیکی بۆ کەس و کاریان ژیانیان بەسەر بردووە.
بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرانە لەوانەن بە ھۆی بێکارییەوە روویان لەو ناوچانە کردووە و لەوێ وەکو کرێکار سەرقاڵی جۆتیاری و باخەوانین و لە ژێر خانووی پلاستیکیدا ژیان بەسەردەبەن. ئەو خەڵکە کە زۆربەی زۆریان خزمی یەکترن بە گەشبینیەوە لە قۆناغی چارەسەری دەڕوانن و دەڵێن: "دەستپێکردنی قۆناغی چارەسەری ھەنگاوێکی زۆر گرنگە و دەبێتە ھۆکاری رزگاربوونمان لە کۆچبەری."
ئەو خەڵکە لە ژێر گەرمای ھاوین و سەرمای زستاندا رۆژانە بە ٤٠ لیرە (٢٠ دۆلار) کاردەکەن و ھاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان، داوا دەکەن لە گوندەکانیان دەرفەتی کارکردنیان بۆ بڕەخسێ تا بتوانن ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن.
ئەحمەد کولتەریی تەمەن ١٥ ساڵ کە لە گوندی کاپی لە ناوچەی تۆزڵای کاراتاش نیشتەجێیە دەڵێ: "تەمەنم ٥ ساڵ بوو لەگەڵ خانەوادەکەم روومان لە ئەدەنە کرد، دوای دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێبوون دەستمان بە کرێکاری و جۆتیاری کرد. لە گوند و ناوچەکەی خۆمان سەرەڕای ھەبوونی توندوتیژی و شەڕ، بێکاریش باڵی بە سەر ناوچەکەماندا کێشابوو، بۆیە بە ناچاری بارمانکرد و ھاتینە ناوچەی کاراتاش."
ئەحمەد کولتەری لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا گوتی: "بۆ ئاگاداربوونی خانوو و زەوییەکانمان جارجار سەردانی گوندی خۆمان دەکەین. لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی چارەسەری پرسی کورد، بەشێکی زۆر لە خزمان و ئەو کەسانەی کە لێرە لەگەڵ ئێمەدابوون، چادرەکانیان ھەڵگرت و گەڕانەوە گوندی خۆیان. ئێمە لە چەند رۆژی داھاتوو چادری خۆمان ھەڵدەگرین و دەگەڕینەوە گوندی خۆمان."
کولتەر گوتی: "لێرە ناتوانین درێژە بە خوێندن بدەین، رۆژێک باران ببارێ ناتوانین بچینە قوتابخانە، ناچارین لە ژێر چادری سارد درێژە بە خوێندن بدەین، ئەگەر بگەڕێینەوە گوندی خۆمان، بەردەوامبوون لەسەر خوێندن بۆ ئێمە زۆر ئاسانتر دەبێ. کاتێک گەڕاینەوە گوندی خۆمان، زیاتر کار دەکەم و درێژە بە خوێندن دەدەم، بەوجۆرە تاڵی ژیانی ١١ ساڵەی ئاوارەیی لە بیر دەبەمەوە. ئەمانە ھەموویان بەرھەمی قۆناغی چارەسەرین بۆیە ئەو قۆناغە بۆ ئێمە زۆر گرنگە."