ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا عەبدوڵا گول رایگەیاند: "دوو کێشەی گرنگی لە تورکیا ھەبوو کە ئەوانیش پرسی کورد و پرسی عەلمانی بوون. عەلمانیبوونی سیستەمی تورکیا ھەندێ جار شرۆڤەی جیاوازی بۆ دەکرا، بەڵام ئێستا تورکیا لەو بوارەدا گەیشتووەتە تێگەیشتنێکی راست و سەردەمییانە، لە شرۆڤەکردنی ناڕاستی عەلمانیبوونی سیستەم رزگارمان بووە، نزیکبوونەوەی تورکیا لە تێگەیشتنێکی وەک تێگەیشتنی رۆژئاوا لە عەلمانی و سیستەمی عەلمانی جێگای خۆشحاڵییە."
سەرکۆماری تورکیا لە بارەی سەرپۆشی پەرلەمانتارانی تورکیا گوتی: "ئەوەی من ئاگاداربم، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێ پۆشینی سەرپۆش لەلایەن پەرلەمان پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان نییە، بۆیە ھیچ ئاستەنگێک لە بەردەم پۆشینی سەرپۆشدا نییە، سیاسەت خۆی دەزانێ چۆن ھەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەو پرسە بکا."
سەرکۆماری تورکیا عەبدوڵلا گول لە میانی رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە مێوانانی کۆشکی سەرۆکۆماری کە بە بۆنەی جەژنی ٩٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا داوەتکرابوون، گوتی: "ئازادی ئایینی بەشێکی گرنگی ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانە، پێشتر تورکیا لە بیروڕا وچۆنیەتی پۆشینی جل و بەرگی خەڵک دەترسا، بەڵام بۆمان دەرکەوت ئەو ترسە ھیچ پێویست نەبووە. پرسێکی دیکەی تورکیا پرسی کورد بوو، ئەمڕۆ بە ئیرادەی خۆمان و لە سەر ویستی خۆمان بۆ چارەسەر کردنی ئەو پرسە ھەنگاوی بوێرانە دەنێین. گرنگی ئەو ھەنگاوانە ئەوەیە تورکیا لە سەر ئیرادە و ویستی خۆی ئەو ھەنگاوانە دەنێ و من زۆر بەو ھەنگاوانە دڵخۆشم."
لە بارەی ناڕەزایەتی جەھەپە لە بەرامبەر پۆشینی سەرپۆش لە پەرلەمانی تورکیا، سەرکۆماری تورکیا گوتی: "منیش بیستوومە جەھەپە دەستی بە ئامادەکاری بۆ نیشاندانی ھەڵوێستێکی توند لەبەرامبەر سەرپۆشی پەرلەمانتاران کردووە، وەک سەرکۆماری تورکیا من نامەوێ ھیچ شتێکی روون و ئاشکرا لە سەر ئەو ھەڵوێستە رابگەینم، دەبێ ئاماژە بەوە بدەم بۆ گۆڕینی سیاسەتی پێشوو لە بەرامبەر سەرپۆش، رۆڵی جەھەپە رۆلێکی گرنگ بووە."
لە بارەی قۆناغی چارەسەری پرسی کوردیش سەرکۆماری تورکیا گوتی: "ئەو پرسە پرسێکی زۆر گرنگ و ئاڵۆزە و بە یەک شەو چارەسەر ناکرێ، بەڵام دەمەوێ ئاماژە بە ئیرادەی بەھێزی حکومەت و ھەموو دامودەزگاکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە بدەم، پێویستە دەستخۆشی لە حکومەتی تورکیا بکرێ."