ئەدەنە - AA
كۆنسولی ئەمریکا لە پارێزگای ئەدەنە لە تورکیا جۆن ئەسپینۆزا رایگەیاند: ھەڵوێستی ئەمریکا لە بەرامبەر بەشار ئەسەد روون و ئاشکرایە، لە سوریا جێگای بەشار ئەسەد نابێتەوە. ئەسەد و دارودەستەکەی بۆ بەرێوەبردنی سوریا ھیچ جۆرە مەشرووعیەتێکیان نەماوە. ھیوادارین لە کۆنفەرانسی جنێڤ دوو بڕیارێک بۆ دامەزراندنی حکومەتی کاتی دەربکرێ.
كۆنسولی ئەمریکا گوتی" لە ٢٣ی شوێنی جیاجیای سوریادا چەکی کیمیایی ھەیە، ٢١ شوێن لە لایەن تیمی پسپۆڕانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سەردانیان کراوە، بەڵام دوو شوێنی دیکە بە ھۆی نالەباری رەوشی ئەمنییەوە سەردانیان نەکراوە. حکومەتی سوریا بۆ لە ناوبردنی ئەو چەکانە پلانێکی پێشنیار کردووە، بڕیارە ١٥ ئەم مانگە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە گفتوگۆی لە سەر بکرێ."
جۆن ئەسپینۆزا رایگەیاند: "رژیمی سوریا بە رواڵەت دەستی بەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە و پرۆسەی لەناوبردنی چەکی کیمیایی دەستیپێکردووە، بەڵام ھێشتا رۆژانە چەندین کەس بە چەکی جیاجیا لە سوریا دەکوژرێن."
ژۆن ئەسپینۆزا لە بارەی پرسی ئەتۆمی ئێرانەوە رایگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، ئەمریکا ھەمیشە پشتگیری لە چارەسەری دیپلۆماسی کردووە."