دیاربەکر
سەرۆکی شارەوانی گەورەی دیاربەکر عوسمان بایدەمیر لە کۆبوونەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی بەدەپە لە دیاربەکر رایگەیاند: گەلی کورد قەبوڵ ناکا لە سەر سنور دیوار دابمەزرێ و دەبێ پشتگیری لە مانگرتنی سەرۆک شارەوانی نسێبین عایشە گۆککان بکرێ کە لە دژی دامەزراندنی ئەو دیوارە دەستی پێکردووە.
عوسمان بایدەمیر لە بەردەم ناوەندی کلتووری كایاپنار لە سەر ناوی سەرۆک شارەوانییەکانی بەدەپە گوتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی بەدەپە بەڕێوەچوو و کۆبوونەوەکە لە لایەن پەرلەمانتاری بەدەپە دەمیر چەلیکەوە سەرپەرەشتی کرا."
عوسمان بایدەمیر رایگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین پرس و تەوەری گرنگ خرانە بەر باس، پرسی بەرێوەبەرایەتییە ھەرێمییەکان، چارەنووسی گەلانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، قەیرانی سوریا و رۆژئاوا گفتوگۆیان لە سەر کرا."
بایدەمیر گوتی: "شەڕ زەرەر و زیانێکی زۆر دەداتە خەڵکی ناوچەکە، بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕ و بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە، سەرۆک شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتییە ھەرێمییەکان رۆلێکی بەرچاویان ھەیە. بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی لە سوریا و خۆشکردنی زەمینە بۆ ژیانێکی ئازاد و برایانە لە سوریا و رۆژئاوا بەشێکە لە چارەنووسی ئێمە. تا ئەو کاتەی لە سوریا و رۆژئاوا ئاشتییەکی شەرەفمەند و ئازاد سەقامگیر نەبێ، ئێمەیش ھەست بە ئازادی ناکەین."
عوسمان بایدەمیر باسی دامەزراندنی دیوارەکانی سەر سنوریشی کرد و گوتی: "لە کاتێکدا کە لەم سەدەیەدا سنورەکان واتا و مانای خۆیان لە دەست دەدەن، دامەزراندنی دیواری نوێ پێچەوانەی نەخشە رێگای داھاتوومانە. ئەو دیوارەی کە دادەمەزرێ دێوارێکە لە سەر چارەنووسی کورد دادەمەزرێ، بۆیە گەلی کورد بە ھیچ شێوەیەک دامەزراندنی ئەو دیوارە قەبوڵ ناکات. بۆ پشتگیری کردنی لە مانگرتنی ھاوڕێمان عایشە گۆککان داوا لە ھەمووی گەلی کورد دەکەم رۆژی حەفتی مانگ لە ناوچەی نسێبین ئامادە بن تا پێکەوە بۆ ئازادی و دیموکراسی و بۆ ئیدانەکردنی دامەزراندنی دیواری شەرم پێکەوە ھەڵوێستی خۆمان دەرببڕین."