ئەنتاڵیا
لە مزگەوتێكی پارێزگای ئەنتاڵیا لە وڵاتی توركیا، ئاسانسۆر(مەسعەدە) دانراوە تا کەسانی کەمئەندام بە ئاسانی بچنە ناویەوەو بەشداری بكەن لە نوێژكردن و خولی فێربوونی قورئانخوێندندا.
مامۆستا مەولوود تۆپچوو، جێگری موفتی ئەنتاڵیا لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی " لەمزگەوتی عیسمەت یوجە لەناحیەی مووراد پاشا- پارێزگای ئەنتاڵیا، بۆ ئەوەی خەڵكانی کەمئەندام بەشداری بكەن لەخولێکی فێربوونی قورئاندا، بڕیارماندا ئاسانسۆرێک دروستكەین بۆ ھاتوچۆ كردنیان بە ھاوكاری سەرپەرشتیارانی مزگەوتەكە."
تۆپچو ھەروەھا وتی" بەر لە دروستكردنی ئاسانسۆرەكە كەسانی كەمئەندام بە ئاسانی نەیاندەتوانی بچنە مزگەوتەكەوە، بەڵام ئێستا دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخساوە جگە لە بەشداریكردنی خولەكەدا فێری زانستە شەرعییەكانیش دەكرێن ".
سۆنگول یڵماز یەکێکە لەو کەم ئەندامانەی بەھۆی سوودمەند بووە لە ئاسانسۆرەكەو بەشداربووە لەخولی فێربوونی قورئاندا وتی" یەكەمجارمە دێمە مزگەوتەكەوەو نوێژم تێداكرد، بەراستی دڵخۆشم بە دروستكردنی ئاسانسۆرەكە چونكە ئێستا فێری خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز دەبم".
مەولوود تۆپچوو، جێگری موفتی ئەنتاڵیا ھەروەھا رایگەیاند بیریان لەوە كردووەتەوە لە داھاتوودا خولێكی فێربوونی قورئانخوێندنەوە بۆ كەسانی كەڕولاڵ بكەنەوە.