ههکاری
گهشته بهرنامه بۆ داڕێژراوهکان له فڕۆکهخانهی یوکسهکۆڤای ههکارییهوه دهستیان پێکرد.
فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی توركیا لە فڕۆكەخانەی یوكسەكۆڤای هەكاری لەچوارچێوەی گەشتە بەرنامە بۆ داڕێژراوەكانیدا نیشتەوە كە بڕیارە ئەمڕۆ بەبەشداری هەریەك لە سەركۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆكوەزیران ئەحمەد داودئۆغڵو بەشداری مەراسیمی فەرمی كردنەوەی بەڕێوەبچێت.
دانیشتوانی هەكاری كە پێشتر گەشتەكانی ئاسمانییان لەرێگەی شاری وانەوە ئەنجام دەدا، بۆ یەكەمجار خۆشی ئەوەیان بینی كە لە فڕۆكەخانەی شارۆچكەكەوە گەشت بكەن. ئەو هاووڵاتییانەی بە فڕۆكەكەی هێڵی ئاسمانی توركی لە یوكسەكۆڤاوە فڕین بۆ ئیستانبوڵ ئاماژەیان بەوەكرد دەبووایە دوای پێنج سەعات بە ئۆتۆمبیل رۆیشتن ئینجا بتوانن سواری فڕۆكە ببن لە شاری وانەوە، سوپاسی سەرۆك كۆمار ئەردۆغان و سەرۆك وەزیران داودئۆغڵویان كرد كە رزگاریان كردوون لەو رێگە دوورە.
ئیسلام بەدەوی كە لەئێرانەوە هاتبووە یوكسەكۆڤا و لەوێوە بەنیاز بوو بۆ ئیستانبوڵ بفرێت رایگەیاند: "لە ئێرانەوە هاتووین، لەگەڵ خانەوادەكەمدا دەچین بۆ ئیستانبوڵ، پێشتر بە ناڕەحەتی دەگەیشتینە ئیستانبوڵ، بۆ ئەوەی سواری فڕۆكە ببین دەبوایە بچین بۆ وان، رێگەكان باش نەبوون. زۆر ناڕەحەت دەبووین. ئێستا زۆر خۆشە، لێرەوە راستەوخۆ دەچینە ئیستانبوڵ. سوپاسی سەركۆمار و سەرۆكوەزیران دەكەم بۆ گەیاندنی ئەم خزمەتە بۆ ئێرە''.
لەیلا بەدەویش كە هاووڵاتییەكی ئێرانییە خۆشحاڵی خۆی راگەیاند "بە تەواوبوونی ئەو خزمەتگوزارییە و ئاماژەی بەوە كرد هاووڵاتییان لە ناڕەحەتییەكی گەورە رزگار كران، رێگەیەكی پێنج سەعاتی ئێستا بووەتە یەك سەعات و ئەمە هەستێكی زۆر خۆشە".
نورەتتین كۆچاك كە بەنیاز بوو بۆ مەراسیمی نیشانەكردنی كوڕەكەی بڕوات بۆ ئیستانبوڵ رایگەیاند "داوای كچێكمان كردبوو لە ئیستانبوڵ، ئێستا دەچینە مەراسیمی نیشانەكردنەكەی. ئەم دەرفەتە كە بۆ ئێمە فەراهەم كراوە زۆر باشە. پێشتر دەبووایە پێنج سەعات بەرێگەدا برۆین تا دەگەینە وان، پارەیەكی زۆری تێدەچوو، كاتێك كە نەخۆشێكمان هەبووایە ناڕەحەتی زۆرمان تووش دەبوو، ئەم خزمەتە زۆر باشە بۆ ناوچەكەمان، خوا لەو كەسانە رازی بێت كە بەشدارییان لە دروستكردنیدا كرد''.
نازیفە كۆچكاش بەهەمان شێوە سوپاسی هەموو ئەو كەسانەی كرد كە رزگاریان كردوون لە چوونە وان بۆ سواری فڕۆكە و رایگەیاند"چوون بۆ وان بۆ ئێمە ئەشكەنجەیەكی گەورە بوو، ئەمە زۆر چاكە. لە چوون بۆ وان و زەحمەتی رێگا رزگارمان بوو. دەستیان خۆش بێت. خوایان لێ رازی بێت''.
نەجلا كۆجاباش ئاماژەی بەوەكرد بەهۆی ئەوەی مێردەكەی كارمەندی حكوومەتە لە یوكسەكۆڤا دەژین و دوو ساڵە بۆ ئەوەی سواری فڕۆكە ببن چوونەتە وان، دڵخۆشی خۆیانی نەشاردەوە و گوتی: "رزگارمان بوو لە چوون بۆ وان، یەكەم گەشتمان ئەنجام دەدەین، لەبەر ئەوەی مێردەكەم كارمەندی حكوومەتە لێرە دەژین، پێشتر دەچووینە وان، دوو ساڵمان ماوە لێرە و ئیتر لەم فڕۆكەخانەیەوە هاتوچۆ دەكەین".
ئایدن ئایدن كە گۆرانیبێژێكی شاری هەكارییە و لەنێو ئەو كەسانەدا بوو كە لە ئیستانبوڵەوە هاتنەوە بۆ وان، وێڕای ئەوەی سوپاسی هەموو ئەو كەسانەی كرد كە دەستیان لە درووستكردنی ئەو فڕۆكەخانەیەدا هەبووە لە سەروو هەموویشیانەوە سەركۆمار ئەردۆغان و سەرۆكوەزیران داودئۆغڵو، گوتیشی: "تا هاتینە هەكاری كۆنسێرتێكم گێرا لە فڕۆكەكەدا، گەشتێكی زۆر خۆشمان بەسەربرد، چاوەڕوانین هەمووان سەردانی هەكاری بكەن. ئەم فڕۆكەخانەیە بۆ ئێمە نیعمەتێكی زۆر گەورەیە''.