Hatice Özdemir Tosun
10 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2021
ئانتالیا - AA
سەرداواکاری گشتیی دادگای باڵای تورکیا، بەکر شاهین ئەوەی ئاشکرا کرد کە دۆسیەی داخستنی هەدەپە-یان ئامادە کردووە و پێشکەشی دادگای دەستوورییان کردووە.
بەکر شاهین لە شاری ئانتالیا و لە دوای بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "بەرەنگاربوونەوەی ئەو رێکخراوە تاوانکارییانەی سنوورەکانی وڵاتیان بەزاندووە"، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و دەربارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە، رایگەیاند "دۆسیەی سکاڵانامەکەمان ئامادە کردووە و خستوومانەتە بەردەست دادگای دەستووریی. لەئێستاشدا دادگای دەستووریی ماوەی ١٥ رۆژی هەیە بۆ ئەوەی خوێندنەوە بۆ دۆسیەکە بکات".
ناوبراو گوتیشی: "ئێمە هەرچییەکمان لە توانادابووبێت کردومانە. سەرجەم بڕیار، دۆسیە و لێدوانەکانی بەرپرسانی هەدەپە-مان وەک بەڵگە خستووەتە ناو دۆسیەکەوە کە ٨٤٣ لاپەڕەیە. تیایدا داوا کراوە قەدەغەی کاری سیاسیی بخرێتە سەر ٤٥١ کەس و رێوشوێنی پێویستیش لە بەرامبەر هەژمارە بانکییەکانی هەدەپە بگیردرێتەبەر".
واش بڕیارە دادگای دەستووریی لە ماوەی ١٥ رۆژدا، خوێندنەوە بۆ دۆسیەکە بکات و بڕیار لەسەر پەسەندکردن یان پەسەندنەکردنی بدات.