Abdullah Shukur
21 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە
سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لە دوای بە یاساکردنی پێشنیاری گۆڕانکاری دەستوور لە پەرلەمانی تورکیا سوپاسی خۆی ئاراستەی پەرلەمانتارانی پارتەکەی کرد و گوتی: "دەمەوێ گرووپێکی پڕ لە وزە و چالاک ببینم کە بێ ئارامانە ئامادەبن لە ٧ی شویات لە گۆڕەپانەکان کۆببنەوە".
لە دوای پەسندکردنی پێشنیاری گۆڕانکاری دەستوور لە پەرلەمانی تورکیا، بینالی یڵدرم کۆبوونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی ئەنجامدا و وتەکانی نێو ئەو کۆبوونەوەیەش بۆ راگەیەندراوەکان بڵاوکرایەوە.
بینالی یڵدرم ئاماژە بەوەش دا کە سەرکۆمارەکانی پێشووی تورکیا تورگوت ئۆزال، سولەیمان دەمیرالیش پشتیوانیان لەم سیستەمە کردووە. گوتیشی: "خوالێخۆشبوو تورکێش و نەجمەدین ئەربەکانیش پشتیوانیان لەم سیستەمە دەکرد و ئێستاش بەرێز دەوڵەت باخچەلیش لەم قۆناغەدا پشتیوانی خۆی دەربڕیوە. لە لایەکی دیکەش سەرکردەمان و سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەر لەسەرەتای ژیانی سیاسی خواستی خۆی بۆ ئەو سیستەمە دەربڕیوە".
یڵدرم لەمبارەیەوە زیاتر گوتوویەتی: " ئەوانەی قسەی بێ مانایان دەکرد و سیناریۆیان دەنووسیەوە دووبارە بێ ھیوابوون. بە پشتیوانی خوا گەلەکەمان دەنگی "بەڵێ" لە ریفراندۆم بەکاردەھێنێت. تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێوە. دووبارە سوپاسی گشت ئەو کەسانە دەکەم کە لەم بڕیارە گرنگە رەنجیان داوە بە تایبەتی سەرکۆمارمان".