Süleyman Elçin
09 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2023
ئانتالیا - AA
لە کەناردەریای کۆنیاڵتی سەربە پارێزگای ئانتالیا لە رێگەی "رۆبۆتی رزگارکەر"ەوە گیانی نابیستێک رزگار کرا کە لە کاتی مەلەکردندا، بەهۆی هەڵکردنی باوە نەیتوانی بگەڕێتەوە سەر وشکانیی.
عوسمان فورقان چەتین دوای ئەوەی دەبینێت کە کەسێک لە دووریی ١٠٠ مەترەوە لەناو ئاو بە ئاماژەی دەست داوای یارمەتی دەکات. رۆبۆتی رزگارکەری "Fasty"ی نارد بۆ ئەوەی ئەو کەسە رزگار بکات کە بەهۆی بەهێزی باوە نەیتوانی لە مەلەکردن بگەڕێتەوە.
رۆبۆتەکە کە لەلایەن عوسمان فورقان چەتین-ەوە ئاراستە کرابوو، باوەشی بە نابیستەکەدا کرد کە مەترسی خنکانی لەسەر بوو و گەڕاندییەوە سەر وشکانیی.
دیمەنی رۆبۆتەکە لە ساتی رزگارکردنەکەدا، لەلایەن تیمی ئاژانسی ئانادۆڵوەوە تۆمار کرا.
عوسمان فورقان چەتین بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ماوەی چوار ساڵە وەک چاودێر لە کەناردەریای کۆنیاڵتی کار دەکات.
چەتین ئاماژەی بەوەش دا کە ساڵی رابردوو توانیویانە ژیانی زیاتر لە ١٠ کەس لە رێگەی ئەو رۆبۆتەوە رزگار بکەن و گوتی: "یەکەم حاڵەتی رزگارکردنی ئەمساڵمان ئەنجام دا، کەسێک لەناو دەریادا دەستی بەرز کردەوە و داوای یارمەتیی کرد، من دواتر زانیم کە ئەو نابیستە. لە کەنار ئاوەوە دوور کەوتبووەوە و بەهۆی باوە نەیدەتوانی بگەڕێتەوە، ئێمەش لە رێگەی رۆبۆتەکەوە رزگارمان کرد".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە رۆبۆتەکە کێشی ١٤ کیلۆگرامە و دەتوانێت بەخێرایی مەلە بکات و گوتی: "توانای بڕینی مەودای ٨٠٠ مەتری هەیە. دەتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بگاتە ئەو کەسەی کە مەترسیی خنکانی لەسەرە".
09.07.2023 لە ئانتالیا "رۆبۆتی رزگارکەر" نابیستێکی لە خنکان رزگار کرد
- دیمەنی رۆبۆتەکە لە ساتی رزگارکردنەکەدا، لەلایەن تیمی ئاژانسی ئانادۆڵوەوە تۆمار کرا.