لە بەیاننامەیەكدا سەرۆكۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند: "لە ئۆپەراسیۆنێكی سەركەوتوودا كۆنسولی توركیا لە موسڵ و خێزانەكەی و هاوڵاتیانی نێو كۆنسولخانەكە، كە ماوەیەكە لەلایەن داعشەوە رفیندرابوون ئازاد كراون."
هاوكات لە بەیاننامەكەدا ئەردۆغان پیرۆزبایی لە تەواوی هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كرد، بەبۆنەی ئازاد كردنی ئۆزتورك یڵماز باڵیۆزی توركیا لە موسڵ و خێزانەكەی و كارمەندانی باڵیۆزخانەكە كە ماوەیەكی زۆرە لە ئازادی بێ بەش كرابوون.
سەركۆماری توركیا لە بەیاننامەكەدا رایگەیاندووە: "پلانی ئۆپەراسیۆنەكە پێشتر داڕێژرابوو، هەموو وردەكارییەكانی لەبەرچاو گیرابوو، بەشێوەیەكی تەواو نهێنی ئۆپەراسیۆنەكە بەدرێژایی شەو نزیك بەرەبەیان بە سەركەوتوویی ئەنجام درا، لەبەرئەوە سوپاسی سەرۆك وەزیرانی بەڕێز و هاوكارانی دەكەم، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی لە سەرەتای بە بارمتە گرتنی هاوڵاتییەكانمانەوە تا ئەمڕۆ بەشیوەیەكی زۆر هەستیار و بە ئارامی مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەكەدا كرد و فیداكارانە چاودێریان دەكرد، لە كۆتاییشدا ئۆپەراسیۆنێكی سەركەوتوویان ئەنجامدا. بەو بۆنەیە بەناوی خۆم و وڵات و گەلەكەمەوە سوپاسی راوێژكاری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و یەك بە یەكی كارمەندانی دەزگاكە و هەموو ئەوانەی بەشداریان لە ئۆپەراسیۆنەكەدا كردووە دەكەم، بەبۆنەی ئەو سەركەوتنە گەورەیە، لە دڵەوە پیرۆزباییان لێ دەكەم."
ئەردۆغان زۆر سوپاسی كارمەندان و خانەوادەی كونسولخانەی وڵاتەكەی كرد لە موسڵ كە لە سەرەتای رووداوەكانەوە بە ئارامی و خۆڕاگریەوە لە چاوەڕوانیدا بوون و گوتی: "دەمەوێت دەستخۆشی لەو هاوڵاتیانەمان بكەم كە لە ئیستادا گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵات، سوپاسیان دەكەم، سوپاسی خانەوادەكانیشیان دەكەم كە بە ئارامیی و پشوو درێژی و باوەڕ و ئومێدەوە لە چاوەڕوانیدا بوون."
لە درێژەی قسەكانیدا ئەردۆغان رایگەیاند: "بەداخەوە لە سەرەتای ئەو رووداوەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات چەندین هەوڵی جۆراو جۆر درا بۆ بەلاڕێدا بردنی رووداوەكەدا و لەباربردنی ئەم پڕۆسە هەستیارە، بەتایبەتی هەندێك لایەن و راگەیاندن زۆر بێ بەرپرسیارانە هەڵسوكەوتیان كرد. لەگەڵ ئەوەشدا سوپاسی تەواوی ئەو راگەیاندنانە دەكەم كە بەدرێژای ئەم ماوەیە زۆر بەرپرسیارانە و دروست و ئارام كاری خۆیان كرد و سەڵامەتی گیانی بارمتەكانیان لەبەرچاوگرت."
هەروەها ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئۆپەراسیۆنەكە زۆر بە سەركەوتوویی بەڕێوەچووە و گوتیشی: گەڕانەوەی هاوڵاتیانمان بۆ وڵات، گرنگی و بایەخ و بەرزی ئەو ئاستە نیشان دەدات كە توركیای گەورەی پێگەیشتووە و لە خوا دەپاڕێمەوە جارێكی دیكە وڵات و گەلمان دووچاری تاقیكردنەوەیەكی وا گەورە نەكاتەوە. دووبارە هیوای سەلامەتی بۆ هاوڵاتییە رزگار كراوەكانمان دەخوازم و سوپاسی بەڕێزان سەرۆك وەزیران، حكومەت، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و تەواوی ئەو دۆست و برایانەمان دەكەین كە هاوكاربوون، پیرۆزبایی لە گەلەگەمان دەكەم."