ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانەی سەردانێکیدا بۆ وڵاتی ئازەربایجان و دوای کۆبوونەوەی لیژنەی ھەماھەنگی و دانوستانی تورکیا و ئازەربایجان, کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و تێیدا وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لەبارەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغان بۆ شاری دیاربەکر لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا ئەردۆغان رایگەیاند: سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ڕۆژێکی زۆر گرنگە و بەشداری لە چەندین رێوڕەسمدا دەکەم، ھاوکات ئاھەنگی ھاوسەرگیری بۆ ٣٠٠ خێزانی ئەو شارە ڕێک دەخەین. ھەروەھا لەو رێوڕەسمانەدا نمایشی فۆلکلۆری ئەو ناوچەیە ئەنجام دەدرێ.
ڕاشیگەیاند لەو رێوڕەسمەدا چەندین پەرلەمانتاری ناوچەکە بەشداری دەکەن و ھاوکات ئاھەنگێکی گەورە ڕێک دەخەین بە بەشداری ھەریەک لە ھونەرمەندانی بەناوبانگی وەک شڤان پەروەر و ئیبراھیم تاتڵسەس، کە دوای ئەو بەڵایەی بەسەریدا ھات بۆ یەکەمجار دێتەوە سەر شانۆی گۆرانی گوتن.
ئەردۆغان ھەروەھا گوتی: "بەمەبەستی پشتگیریکردن لە قۆناغی ئاشتیش بەباشمان زانی بەڕیز بارزانیش تێیدا ئامادە بێ."
راشیگەیاند، لەگەڵ بارزانیدا کۆبوونەوەی سیاسیشمان دەبێ، وەک دەزانن لەماوەی پێشوودا نێچیرڤان بازرانی سەردانی کردین و کۆبوونەوەمان ئەنجام دا, لەم جارەشیاندا پێکەوە لەگەڵ کاک مەسعوددا چاوێکەوتنێکمان دەبێت و ھاوکات بەشداری چەند چالاکیەک دەکەین.
ئەردۆغان رایگەیاند رۆژی یەکشەمە کە ڕێکەوتی ١٧ ی تشرینی دووەمە لەچەند شارۆچکەیەکی سەر بە دیاربەکردا لەگەڵ چەند وەزیرێک بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی چەند شوێنێک دەکەن، لەو ڕێیەوە لەگەڵ خەڵکی دیاربەکردا باوەش بەیەکتردا دەکەن و ھیوای خواست لەو ڕێیەوە لە قۆناغی ئاشتیدا خزمەتی زیاتری خەڵکی ئەو شارە بکەن .
لەبارەی سەردانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی باڵای تورکیا و عێراق بۆ لای یەکتری و کاریگەریەکانی لەسەر پەیوەندیەکانی ھەردوو وڵات ئەردۆغان رایگەیاند، لە ماوەکانی داھاتوودا جەمیل چیچەکی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی عێراق دەکات و دواتریش نوری مالیکی دێتە تورکیا .
ئەردۆغان گوتی: لەڕێی ئەو سەردانانەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی باڵای ستراتیژی تورکیا- عێراق دەست پێ دەکاتەوە، گوتیشی: پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و عێراق کاریگەریی باشی لەسەر ئاشتی لە ناوچەکەدا دەبێت.