لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد، پلان ھەیە یەکەمین ناوەندی لۆجستیکی لە شاری دیاربەکر دروست بکرێ.
لەم چوارچێوەیەدا بۆ ئەوەی بەرھەمەکان بەخێرایی بگەنە بازاڕ، ئاژانسی بوژانەوەی کاراجاداغ و ژووری پیشەسازیی و بارزگانیی دیاربەکر، بۆدەستپێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەستبەکاربوون.
لە نزیک وێستگەی لەیلاکتەپە لەسەر رێگای دیاربەکر - ئەرگانی، بڕیارە ئەو ناوەندە لەسەر رووبەڕوی ھەزار و ٨٠٠ دۆنم زەوی سەر بە خەزێنەی دەوڵەت دروستبکرێ، بۆ ئەم مەبەستە ژووری پیشەسازیی و بازرگانیی دیاربەکر بەڕێوەبەرایەتیی تەکنەلۆجیا و پیشەسازیی بەسەر کردەوە.
دکتۆر ئیحسان قاراقۆیون سکرتێری گشتی ئاژانسی بوژانەوەی کاراجاداغ، لە لێدوانێکدا بۆ AA دەڵێ لە بواری پێشبڕکێی تێچوونەوە، لۆجستیک زۆر گرنگی ھەیە. بۆ ئەمەش لەم ساڵانەی دوایی لۆجستیک بۆتە کەرتێکی گرنگی ئابووریی. بەدرێژایی مێژوو دیاربەکر ناوەندی لۆجستیکی بووە.
قاراقۆیون، دەڵێ لە چوارچێوەی ھاندانی پرۆسەی چارەسەری و ھەروەھا لەو کاتەی پڕۆژەی ئاودێری سەر بە پڕۆژەی گاپ تەواو دەبێ، ناوچەکە بۆ ھەڵگرتنی بەرھەمەکان و گواستنەوەیان بۆ بازاڕ زەحمەتی دەبینی بۆ ئەمە بیریان لە دروستکردنی ناوەندێکی لۆجستیکی لە دیاربەکر کردۆتەوە.
" دیاربەکر ھێشتا شارێکە کە نوێنەرانی دەزگاکانی رەسمی و تایبەتی ناوچەکە لەخۆ دەگرێ. ئەو ناوەندە لۆجستیکیەی لە دیاربەکر دەکرێتەوە، کاڵاکان بۆ بازاڕەکانی رۆژھەڵات و باشووری رۆژھەڵات، ئێران، عێراق و سوریا دەگوازێتەوە. لۆجستیک ٢٠% کاریگەری لەسەر تێچوونی بەرھەم دەبێ، لە سایەی ئەو ناوەندە لۆجستیکیەی لە دیاربەکر دەکرێتەوە کۆمپانیاکانی ئەو ناوچەیە دەتوانن رکابەری لەگەڵ کۆمپانیاکانی ھەموو جیھان بکەن. ھەروەھا دەبێتە ھۆی پڕۆژەی وەبەرھێنانی نوێ لە ناوچەکە."
قاراقۆیون دەڵێ ناوەندی لۆجستیکی دیاربەکر، گومرگ، پارکی شەمەندەفەر، کۆگای ھەڵگرتنی بەرھەمە جۆراوجۆرەکان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆ دەگرێ. لەمبارەیەوە گوتی: "لە ئەنجامی ئەو توێژینەوەی ئەنجاممان داوە باشترین شوێن بۆ دروستکردنی ئەو ناوەندە نزیک وێستگەی لەیلاکتەپەیە کە لەسەر رووبەڕی ھەزار و ٨٠٠ دۆنم زەوی سەر بە خەزێنە دروست دەکرێ. لەبەر ئەوەی ئەو شوێنە نزیکی رێگای ئاسن، رێگای قیر، رێگاکانی دەوروبەر و ھەروەھا نزیک ناوچەی پیشەسازییە. لە یەکەمین قۆناغدا ئەو ناوەندە بە ٢٠ ملیۆن لیرە دروست دەکرێ. بە ھۆی ئەوەی رێگای ئاسنی ئەو ناوچەیە لەگەڵ رێگای ئاسنی ئورفا رێک دەخرێ و بەرھەمەکانی ئەم ناوچەیە بە تێچوونێکی زۆر کەم دەگەنە بەندەری مێرسین. ھەروەھا ئەو ناوەندە دەرفەتی کار بۆ دوو ھەزار کەس دابین دەکا."
ئەحمەد سایار، سەرۆکی ژووری پیشەسازیی و بازرگانیی دیاربەکر رایگەیاند: ئەو ناوچەیە بەھۆی بوونی رووبەری خاکی گونجاو بۆ کشتوکاڵ و چەندین پیشەسازیی پشتبەستوو بە بەرھەمی کشتوکاڵ گونجاوە.
سایار دەڵێ بە ئامانجی پشتگیرکردنی پڕۆسەی چارەسەری لە دیاربەکر زەمینەی پیشەسازیی و دۆزینەوەی کار بۆ توێژی گەنجان زۆر لەبارە.